زووم:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل لە کاتی بۆردومانکردنی کەرتی غەزە، خەڵکی مەدەنی بپارێزێت.
ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای گەیشتنی بوو بە ئیسرائیل بۆ گفتوگۆی زیاتر بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە ناو غەزە.
پێش دیدارەکەی لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، بلینکن دووپاتیکردەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە “هەموو شتێک لە توانای خۆیدا بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر هەرگیز دووبارە نەبێتەوە”.
بەڵام جەختی لەوەش کردەوە، لە هەمان کاتدا با ڕوون بین، چۆن ئەو مافە بە ئیسرائیل دەدەین، زۆر گرنگە کاتێک باس لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنیش، دەبێت دەکرێت پابەندی بنەماکان بێت.
بلینکن لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بۆ دووەمجار سەردانی ناوچەکەی کرد، لە کاتێکدا واشنتۆن هەوڵدەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و هەوڵەکانی سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە شەڕەکەدا دروست بکات.
ئەمڕۆش دوای گەیشتنی ئەم جارەی بە تەلئەبیب بلینکن لەگەڵ حکومەتی جەنگ بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هیچ بڕیارێک سەبارەت بە پێشنیازی ئەمریکا رانەگەیەنرا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سکای نیوزی عەرەبی، سەرکردایەتی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە رازین بە ئاگربەست و پەیامیشیان بۆ بەرپرسانی ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە ناردووە، تا ئەوەی هەڵوێستی ئیسرائیلیش لەو بارەوە بزانن، کە ئامانجی سەردانەکەی ئەمڕۆی بلنکنیش بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەو زانینی هەڵوێستی تەلئەبیبە.
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای کردبوو ”ئاگربەستێکی مرۆیی” رابگەیەنرێت ئەوەش لە پێناوی ئەوەی بارمتەکان ئازادبکرێت و هاووڵاتیانی بیانی غەزە جێبهێڵن و هاوکاری مرۆیش بگەیەنرێت بە هاووڵاتانی غەزە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی سکای نیوز، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیارێک پێشکەش بە لایەنی ئیسرائیلی بکات بۆ ئاگربەستی کاتی بۆ ماوەی 12 کاتژمێر، بە مەرجی نوێکردنەوەی، لە بەرامبەر ئازادکردنی زۆربەی دەستگیرکراوەکانی بیانی.
سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە، بلینکن پێشنیاری ئاگربەستی کاتی لە غەزە دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی زۆربەی دەستگیرکراوەکانی بیانی، هەروەها پێشنیاری چوونە ژوورەوەی ٥٠ هەزار لیتر سووتەمەنی بۆ ناو کەرتی گەمارۆدراوی غەزە بۆ ئیسرائیل دەکات.
سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای مۆڵەت دەکات بۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، هەروەها ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور، هاوکات بلینکن داوای ئەوە دەکات ژمارەی بارهەڵگرەکانی هاوکاری، کە دەچنە ناو غەزە بۆ ٢٠٠ بارهەڵگر لە ڕۆژێکدا زیاد بکرێت.