زووم:
حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دایک و باوکی هاوسەرەکەی کەرتی غەزەیان لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ڕەفحەوە بەرەو میسر بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە گیریانخواردبوو.
حەمزە یوسف لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی “X” (پێشتر تویتەر) نووسیویەتی: هەست بە ئاسوودەیی دەکەین کە دایک و باوکی نادیە توانیویانە غەزە بەجێبهێڵن.
ئەو سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد، کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیامی پشتیوانیان ناردووە.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، بیر لەو کەسانەش دەکەنەوە تائێستا نەیانتوانیوە کەرتی غەزە بەجێبهێڵن لە ئازاردا دەژین، وتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆمان بۆ ئاشتی.
سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا ڕاشیگەیاند، بەیانی ڕۆژی هەینی دایک و باوکی هاوسەرەکەی توانیویانە بچنە ناو دەروازەی ڕەفح لە نێوان کەرتی غەزە و میسر و دواتر بەرەو قاهیرە رۆشتوون.
ئەو پێی وابوو، کە چوار هەفتەی ڕابردوو “کابوسێکی بەردەوام بۆ خێزانەکە”ی هەبووەو زۆر ئازاریان بەدەست ئەوەوە چەشتووە.
یەکەم وەجبەی خاوەن پاسپۆرتی بیانی و بریندارەکان لە ١ی ئەم مانگەدا لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە غەزەیان بەجێهێشت، دوای ئەوەی دەروازەکە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک بە تەواوی داخرابوو.
دایک و باوکی نادیە نەقلا پێش دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بە سەردانێک چووبوونە غەزەو ئەوانیش ئەمڕۆ شارەکەیان جێهێشت.