ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەو پرۆژە یاسایەی لەلایەن کۆماریخوازەکانەوە پێشکەش کراوە و تیایدا داوای پاکێچێکی هاوکاری بۆ ئیسرائیل دەکرێت بە بڕی 14.3 ملیار دۆلار.
لە دەنگدانێکدا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، پرۆژەکە بە 226 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 196 دەنگی نەخێر پەسەند کرا.
لە کاتێکدا 12 ئەندامی دیموکراتەکان پشتیوانیان لە پرۆژەی کۆماریخوازەکان کرد، دوو کۆماریخوازیش بە نەخێر دەنگیان بە پرۆژەکە دا.
لەو پرۆژە یاسایەدا کە داوای دەستەبەرکردنی پاکێچێکی هاوکاری دەکرێت بەبڕی 14.3 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل، بڕیاردراوە چوار ملیار دۆلار بۆ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی “گومبەزی ئاسنین” و “سەکۆی داود” و 1.2 ملیار دۆلار بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی “تیشکی ئاسنین” تەرخان بکرێت.
هەروەها لە پرۆژە یاساکەدا داواکراوە هاوکارییەکە لەو سندوقە تەرخان بکرێت کە بۆ فەرمانگەی داهاتی ئەمریکا تەرخان کراوە. بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە بکرێتە یاسا، پێویستە ئەنجوومەنی پیران و سەرۆکی ئەمریکاش، جۆ بایدن پەسەندی بکەن.