لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەزە، ئەمریکا دەترسێت لە جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەبگلێت کە 45 هەزار سەربازی لە چەند بنکەیەکی سەربازیدا جێگیرکردووە.
بۆچی گرنگە؟ چونکە لەدوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس و بەرچەکردای ئیسرائیلەوە، هێزەکانی ئەمریکا و گرێبەستە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا روبەڕووی نزیکەی 28 هێرش بوونەتەوە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداری دا لە پەرەسەندنی بەرچاوی هێرشەکان بۆ سەر “سەربازان و گەلەکەمان لە سەرتاسەری ناوچەکە”.
چی تر؟ هێرشەکان و هەروەها شەڕێکی فراوانتر، دەکرێت هەوڵەکانی ساڵانی ڕابردووی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە وەرچەرخانێکی ستراتیژی بەرەو وڵاتانی زەریای هێمن بە تایبەت چین پێچەوانە بکاتەوە.
ئەو سەربازانەی لە جوڵەدان
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەزاران سەربازی ناردووە یاخود ئامادەکاری دەستپێکردووە بۆ جێگیرکردنیان.
لەوانە؛
- دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر کە هەریەکەیان نزیکەی حەوت هەزار و 500 سەرباز و کارمەندی تێدایە، هەروەها دوو کەشتی هێزی دەریایی کە هەزاران سەربازی هەڵگرتووە.
- کەشتییەکی دیکە بەناوی “USS Carney” کە سێ مووشەکی بەسەر دەریای سوورەوە تەقاندەوە کە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون.
- هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی دیکەی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
کەشی یارییەکە: چاوەڕوان ناکرێت ئەو سەربازانەی کە نێردراون یاخود دەنێردرێن بۆ ناوچەکە بەشداری شەڕ بکەن، هەرچەندە کۆشکی سپی باسی لە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد ئەگەر حزبوڵای لوبنان بەرەیەکی نوێ لە شەڕەکەدا بکاتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی.
ئەو هێزانەی لەژێر هێرشدان
لە رۆژی 17ی تشرینی یەکەمەوە، سەربازانی ئەمریکا و بنکەکانیان لە سوریا روبەڕووی 11 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و مووشە بوونەتەوە، هەروەها لە عێراق ڕوبەڕووی 16 هێرشی دیکە بوونەتەوە، بەڵام هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراوە، تەنها 21 دانەیان، وەک وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی کردووە، بە سووکی بریندار بوون.
سوریا: نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە سوریا هەن کە زۆربەیان لەو ناوچانە جێگیربوون کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە و ئەرکی ئاشکرایان روبەڕووبوونەوەی داعشە.
- نزیکەی 100 سەربازیش پشتیوانی سوپای سوریای ئازاد دەکەن کە هاوپەیمانێتییەکە بۆ ئەو گروپە چەکدارییانەی کە شەڕی حکومەتی سوریا دەکەن.
عێراق: وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە ئاشکرای ژمارەی راستەقینەی هێزەکانی لە عێراق بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2021دا رایگەیاند کە ژمارەکەی کەمکردووەتەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز.
- مانگی تەموزی 2021، بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر گۆڕینی ئەرکی سوپای ئەمریکا لە عێراق بۆ راوێژکاریی سەربازیی و کۆتاییهێنرا بە بوونی سەربازیی شەڕکەر.
- لە ئێستادا سەربازانی ئەمریکا مەشق و راهێنان و ئامۆژگاری بە هێزە سەربازییە عێراقییەکان دەکەن بە پێشمەرگەشەوە، هەروەها لەکاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی داعش زانیاریی هەواڵگریش پێشکەش دەکەن .
هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و ئیسرائیل
ئیسرائیل: تائێستا ئەوە روون نییە کە چەند سەربازی ئەمریکی لە ئیسرائیل جێگیرکراون، بەڵام بەلانیکەمەوە ئەمریکا یەک بنکەی سەربازیی لە وڵاتەکەدا هەیە.
- باوەڕ وایە بنکە نهێنییە ئەمریکییەکە کە بە کۆدی “Site 512” ناسراوە شوێنی سیستەمی چاودێری راداری تێدابێت کە دەتوانێت هەڕەشەی موشەکی بالیستی بۆسەر خودی ئەمریکا بدۆزێتەوە و چاودێری بکات.
ئوردون: بوونی سەرباز و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردون کێشەیەکی هەستیاری ناوخۆییە لەناو سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، تاوەکو حوزەیرانی 2023، نزیکەی دوو هەزار و 900 سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتە هەبوون لەسەر داواکاری حکومەتی ئوردون خۆی.
- ئەو هێزانە لەوێ جێگیرکراون بۆ پشتیوانی کردە سەربازییەکان دژی داعش و بەرزکردنەوەی توانستی هێزەکانی ئوردون و سەقامگیریی ناوچەیی.
- بنکە ئاسمانییەکانی ئوردون بۆ هێزەکانی ئەمریکا گرنگن بۆ کردە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
قەتەر سەربازانی ئەمریکا و سەرکردەکانی حەماسی تێدایە
قەتەر: وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا کە بەشێکیش نییە لە هاوپەیمانی ناتۆ، قەتەر زۆر گرنگە بۆ ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە.
- لانیکەم هەشت هەزار سەربازی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەدید لە باشوری رۆژئاوای دەوحەی پایتەخت جێگیرکراون و بارەگای سەرەکی فەرماندەیی سوپای ئەمریکای تێدایە.
- بنکە سەربازییەکە گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هێزی ئاسمانیی قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکەی وەک بەریتانیای تێدایە.
بە دیوێکی تردا: ماوەی دەیان ساڵە قەتەر رێگەی بە سەرکردە سیاسییەکانی حەماسی فەلەستینی داوە بنکە و بارەگایان لەو وڵاتە هەبێت بە ئیسماعیل هەنیەشەوە کە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیە و باڵادەسترین دەسەڵاتی هەیە.
- قەتەر زۆر بە توندی رەخنەی لێگیراوە لەسەر رێگەدان بە مانەوەی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لە وڵاتەکەیدا، ئەویش دەڵێت بۆ نێوەندگیرییە لەنێوان حەماس و رۆژئاوا و هەروەها هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی فەلەستین و ئیسرائیلە.
- بەرپرسانی ئەمریکا بەمدواییە ئاشکرایانکرد کە قەتەر ئامادەیە چاوبخشێنێتەوە بە بڕیاری رێگەدان بە مانەوەی سەرکردەکانی حەماس دوای ئەوەی زیاتر لە 200 ئیسرائیلییان بەدیل گرت لە هێرشەکەی 7ی مانگدا، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی واشنتن پۆست.
ناوەندە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و تورکیا
بەحرەین: تا ساڵی 2022، زیاتر لە نۆ هەزار سەربازی ئەمریکی لە بەحرەین هەبوون، هەروەها بنکەیەکی دەریایی و بارەگای فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و گەلەکەشتی پێنجەمی ئەمریکای تێدایە.
- تاکە بنکەی هەمیشەیی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر وشکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەحرەینە و کەشتی فڕۆکەهەڵگرەکانی لە بەندەری خەلیفە بن سەلمان لەنگەردەگرن.
- بەحرەینیش هاوشێوەی قەتەر، یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا کە لە ناتۆشدا نییە بەڵام ڕێگەی پێدراوە هەندێک چەک بکڕێت و توێژینەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات.
کوەیت: لە ساڵی 1991ـەوە، هەزاران سەربازی ئەمریکی لە کوەیت جێگیرکراون کاتێک جەنگی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژی رژێمی سەدام دەستیپێکرد.
- کوەیت بنکەیەکی سەرەکی لۆجستی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدایە کە لە شەڕەکانی عێراق زۆر سوودیان لێوەرگیراوە.
- تا ساڵی 2021، نزیکەی 13 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزاران کەلوپەلی سەربازی لە بنکە سەربازییەکانی عەرفجان و عەلی سەلام جیگیرکراون.
- کوەیت کە بەشێک نییە لە هاوپەیمانی ناتۆ، هەزاران سەربازی ئەڵمانی و ژاپۆنی و کۆریای باشوری تێدایە.
سعودیە: تا کانونی یەکەمی 2022، زیاتر لە دوو هەزار و 700 سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتە بوون بۆ مەشق و راهێنان بە هێزە سەربازییەکانی سعودیە و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە هەڕەشەی ئێران و هێزە بریکارەکانی.
- سەربازانی ئەمریکا لەوێ کار بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و موشەکی دەکەن و هاوکاری ئۆپراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی دەدەن، ئەوەش بەپێی کۆشکی سپی.
- لە ساڵی 2021دا، ئیدارەی بایدن کۆتایی بە پشتگیری خۆی بۆ سوپای سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن هێنا کە لەلایەن حوسییەکانی نزیک لە ئێرانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام هێشتا هاوکاریی بەرگریی پێشکەش دەکات.
ئیمارات: یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە سێ هەزار و 500 سەربازی لێیە.
- زۆربەی ئەو سەربازانە لە بنکەی ئاسمانیی زەفرە جێگیرکراون کە ناوەندی جەنگی ئاسمانیی کەنداویشی تێدایە کە ناوەندێکی مەشق و راهێنانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکییە لەنێوان ئیمارات و ئەمریکا.
- بەندەرەکانی ئیمارات زۆر گرنگن بۆ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە زۆرترین کەشتی سەربازیی ئەمریکا لەوێ لەنگەر دەگرن.
عومان: چەند سەد سەربازێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە عومان هەن.
تورکیا: ئەمریکا زیاتر لە هەزار سەربازی لە تورکیا هەیە کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی ئاسمانیی ئەدەنە و ئەزمیر جێگیرکراون.