زووم، ئاژانسەکان
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە ویلایەتی مینێسۆتا داوای راگەیاندنی ئاگربەستی لەنێوان ئسیرائیل و فەلەستین کرد، بۆ ئەوەی بارمتەکانی لای حەماس بە سەلامەتی ئازادبکرێن.
لەکاتێکدا بایدن گوتارەکەی پێشکەش دەکرد، ژنێک لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا داوای راگەیاندنی ئاگربەستی دەکرد و لە وەڵامدا بایدن قسەکانی بڕیی و گوتی “پێموایە پێویستمان بە وچانێکە، وچانێک بەمانی بەخشینی کات بێت بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانە.”
دوای ئەوە کۆشکی سپی راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەبەست لە قسەکەی بایدن گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و ئازادکردنی ئەو 240 بارمتەیە بووە کە لەلایەن حەماسەوە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا دەستبەسەرکران و بران بۆ غەزە.
بەهۆی دروستبوونی دەنگەدەنگەوە پۆلیس یاوەری ژنەکەی کرد و بردیە دەرەوە، بەڵام ژنەکە بەردەوام داوای ئاگربەستی دەکرد، بەڵام بایدن بەردەوام بوو و گوتی “بەڕاستی دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە” هەم بۆ ئیسرائیلییەکان و هەمیش بۆ جیهانی ئیسلامیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، “من هەر لەسەرەتاوە پشتیوانیم لە چارەسەریی دوو دەوڵەتیی کردووە. راستییەکەی ئەوەیە حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستییە، رێکخراوێکی تیرۆریستی زۆر روون و ئاشکرا.”
ئەم لێدوانانەی بایدن دەبن بە فشارێک لەسەر بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی وچانێکی کورت بداتە فەلەستینییەکان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سەریان بوەستێنێت کەبووەتە ئەوەی هەزاران کەس لەو ناوچەیەدا بکوژرێن کە روبەرەکەی تەنها 141 مایل چوارگۆشەیە.
کۆشکی سپی لەوبارەیەوە رەتیکردووەتەوە ئاگربەستی تەواوەتی رابگەیەندرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە دەبێت ئیسرائیلییەکان رەچاوی وچانی مرۆیی بکەن بۆئەوەی رێگە بە خەڵکی مەدەنی بدرێت هاوکارییەکانیان پێبگات و هاوڵاتییە بیانییەکانیش بتوانن غەزە جێبهێڵن.
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، باڵیۆزی تازەى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، جاک لیو، بەزووترین کات دەچێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و ئەرکێکی پێدەسپێردرێت وەک بەشێک لە پشتیوانیکردنیی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی زەمینەیەک بۆ وچانێکی مرۆیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە مرۆییانەی فەلەستینییەکان روبەڕووی بوونەتەوە.
لەبارەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانەوە، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا مایکڵ هێرگۆز، رایگەیاندووە “ئێمە خۆمان هاوکارییە مرۆییەکان رەوانەی ئەو ناوچانەی غەزە دەکەین، کە لەباشوری کەرتەکەدان و لە حەماسەوە دوورن. ژمارەی بارهەڵگرەکان دووهێندەبوون بەردەوامیش لە زیادبووندان.
ئەو گوتی، ئێمە پێویستمان بە هیچ هاوکارییەک نییە و هەموو پێداویستییەکی مرۆییمان لەبەردەستدایە.
ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام نیگەرانی خۆیان لە خراپی دۆخی مرۆیی 2.3 ملیۆن کەس لە غەزە دەردەبڕن و لە ئاستی باڵاشدا نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بە دەنگی 120 لەکۆی 193 وڵاتی ئەندام پەسەندکرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام بڕیارنامەکە پابنەندکەر نییەو ناتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات پابەندبێت پێیەوە.