زووم:
جوڵە پێکردنی هێزی دەریایی وەڵامدەرەوەی خێرای ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست، پرسیاری ئەوەی هێناوەتە کایەوە، کە رۆڵی ئەو هێزە چییە و چ پەیوەندییەکی بە جەنگی غەزەوە هەیە؟ کە ئێستا سوپای ئیسرائیل لە پاڵ هێرشە ئاسمانییەکانی هێرشی زەمینی سنورداریش ئەنجامدەدات.
چاودێران لەو باوەڕەدان ئەمریکا دەیەوێت جارێکی دیکەی پێگەی سەربازی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پتەوتربکات، هەروەها لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگی ئێستای ئیسرائیل و فەلەستین پارێزگاری لە رۆڵی ستراتیژی خۆی لە کەنارە ئاوییەکانی ئیسرائیل و لوبنان بکات و هاوکاری گواستنەوەی ئەمریکییەکانیش بکات.
تۆری (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، یەکەی 26 پیادەی دەریایی، کە لە سەر کەشتی هێرشبەری (یو ئێس ئێس باتان) جێگیرکراون، لە چەند هەفتەی رابردوودا لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست لە ئەرکدا بوون، بەڵام هەفتەی پێشوو بەرەو کەنداوی سوێس جوڵەی پێکراوە.
تۆڕەکە بڵاویشیکردەوە، کەشتییەکە ئیستا لە دەریای سورە و چاوەڕواندەکرێت بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکەوێتە جوڵە، ئەمەش هەنگاوەش واتای ئەوەیە، یەکە ئەمریکییەکە لە ئیسرائیل و لوبنانەوە نزیک دەبێت، کە یەکێک لە کارە گرنگەکانیشیان گواستنەوەی هاوڵاتیانی سڤیلە.
پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، کارێکی “نالۆژیکییە” هیچ پلانێک بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دانەنێین، لە ناویشیاندا گواستنەوەی هاووڵاتیان لە لوبنان و ئیسرائیل، کە ئێستا ئەگەر هەیە حزبوڵڵا بەرەیەکی دیکەی جەنگ لەگەل ئیسرائیل بکاتەوە.
کەواتە ئێستا با بزانین هێزی کاردانەوەی دەریایی ئەمریکا چییە؟ توانای چەندە؟ هێزەکە لە 2 هەزار سەربازی پیادەی دەریاو دەریاوانی پێکدێت، کۆمەڵێک کاری تایبەت ئەنجام دەدەن وەک ئۆپراسیۆنی وشکانی، وەڵامدانەوەی قەرانە لەکاکاوەکان و هاوکارییە مرۆییەکان.
لەبارەی رۆڵی سەرەکی هێزەکەش، سکوت مۆرگان توێژەری ئەمریکی لەبواری ئاسایشی نەتەوەیی لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز دەڵێت: ئەمریکا نایەوێت بە تەنیا بوونی هێزی خۆی لە رۆژهەلاتی ناوەراست پتەوتر بکات، بەڵکو دووبارە جوڵەپێکردنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئەمنییانەیە، کە هەرەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەکات”.
هەرچی پەیوەست بەوەی، کە ئایا بەشداری لە هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە دەکات، مۆرگان دەڵێت: ئەو هێزە بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداری لە هیرشی زەمینی ناکات، بەڵام بوونی ئەو هێزە هاوکار دەبێت بۆ تێکشکاندنی هەر هەرەشەیەک، کە لە رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی سوریاوە سەرهەڵبدات، یان دەتوانێت ئاسایشی زیاتر بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لوبنان دابین بکات، ئەمە جگە لەوەی لە ئەگەری دروستبوونی مەترسی، دەتوانێت هاوکار بێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمریکی لەو ناوچانە.