زووم:
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە بوون، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە سوپای ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی زەمینی دەكاتە سەر كەرتی غەزە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەوی هەینی لەسەر شەممەی رابردوو ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی گەورەی كردە سەر كەرتەكەو چەند كاتژمێرێك بەردەوام بوو.
بەڵام دەركەوتن و لێدوانێكی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەموو شتێكی گۆڕی، دوای ئەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە رۆژی شەممەی رابردوو دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر كەرتی غەزە راگەیاند، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بخاتەڕوو
رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی بەریتانی لەمیانی راپۆرتێك ئاشكرایكردووە، سوپای ئیسرائیل جەنگێکی قورس لە غەزە ناکات و ئێستا تاکتیکی جەنگی گۆڕیوە و بەرەو جەنگی سارد دەچێت و پلانی هێرشەکەشی گۆڕیوە.
بە گوێرەی رۆژنامەكە، خاڵە سنورییەکان بۆ هێرش و پێشڕەوی سوپای ئیسرائیل لە چەند روویەکەوە ئاستەنگی دروستكردووە، بۆیە ئێستا دەیەوێت تەنیا سوود لە هێزی ئاسمانی وەرگرێت و لەو ڕێگەیەوە هێرشەکان زیاد بکات و زیانەکانی کەمبکاتەوە، هەروەها هەوڵدەدات خۆی بەدوربگرێت لە پەلکێشکردنی دوژمنەکانی دیکەی بۆ جەنگەکە.
هەر بە گوێرەی رۆژنامەکە، جوڵە نوێیەكانی سوپای ئیسرائیل پێشهاتێکی نادیاری دروستکردووە، کە ئەوەش بەهۆی قورسی جەنگەکە نییە، بەڵکو نهێنی تاکتیکە نوێیەکەی سوپاکەیە.
رۆژنامەکە باسی لەو چەند گرتە ڤیدیۆییە کردووە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوەو تێیدا تانک و زرێپۆشە سەربازییەکانی سوپاکە لەناو کەرتی غەزە دەردەکەون، بەڵام تائێستا ژمارەی سەرباز و قەبارەی سوپاکە لەناو کەرتی غەزە ئاشکرانەکراون.
شارەزایانی سەربازی ئیسرائیل پێیانوایە، جوڵەی هێواش و هەنگاونان بە وریاییەوە لەو کەرتە بۆ گەڕان و لەناوبردنی تونێلەکانی چەکدارانی فەڵەستینی دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەش خۆی ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بەزوویی هێرشی زەمینی بکات و پاشەکشە بکات.
مایکڵ میلچین، ئەندامی پێشوی هەواڵگری ئیسرائیل دەڵێت: لە ئێستادا هێزی ئیسرائیل لە زۆربەی شوێنەکانی دەوروبەری غەزە و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و گوندە چۆڵەکان و دەوروبەری دەروازەی ئیریزی باکووری کەرتەکە جێگیرکراون.
ئەو دەشڵێت، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئامادەکارییە بۆ هێرشە لە ناکاوەکان و گورزوەشاندن لەگروپە چەکدارییەکان و مۆڵگەو حەشارگەکانیان.
لەسەر ئاستی گۆڕنکاری تەکنیکیش، رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەك بڵاویکردووەتەوە، هێزی وشکانی ئیسرائیل لەوە کەمترە، کە پێشبینی دەکرا و ئەمەش بەو مانایە دێت بە ئاسانی هێزی وشکانی فراوان بۆ چوونە ناو کەرتی غەزە زیاد ناکات.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، ئیسرائیل دەزانێت ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێت ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات، چونکە چەکدارانی فەڵەستینی چەندین ساڵە ئامادەکاری بۆ بەرگریکردن دەکەن، بۆیە چاوەڕوانناکرێت ئەو هێرشە بکات.