زووم:
72 كاتژمێرە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر كەرتی غەزە راگەیاندووە، كە خۆی لە هێرشی بچووك بچووكی زەمینی بۆ سەر گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین لە كەرتەكە دەبینێتەوە.
بەڵام ئەمە تەنیا دیوێكی وێنەكەیە و دیوەكەی تری دیارنییەو بە شاراوەیی ماوەتەوە، ئەویش بەرێوەچوونی گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستینە لە كەرتی غەزە، كە گفتوگۆكان بە ئامانجی ئازادكردنی ئەو بارمتانەی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەر لەلایەن گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین دەستگیركران ئەنجامدەدرێت.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، كە لە بەرپرسێكی قەتەری بڵاویكردووەتەوە، دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی، کە لەلایەن گروپە چەكدارییەكانی غەزە دەستگیركراون بەردەوامن.
ئەو بەرپرسە قەتەرییە، كە ئاگاداری گفتوگۆكانە باسی لەوەش كردووە، دانوستانەكان هێشتا لە قۆناغی قسەكردندایە، كە لە رۆژی پێنج شەممە و هەینی رابردووەوە، گفتوگۆكان خێراتركراون بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام، بەڵام هێرشە زەمینییەکانی ئیسرائیل، “ئاڵۆزی” بۆ گفتوگۆكان دروستكردووە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، قەتەر نێوەنگیری گفتوگۆكانی بەرپرسانی ئیسرائیلی و گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین دەكات، بەو پێیەی ئۆفیسی ئەو گروپە چەكدارییانە لە دەوحە بوونی هەیەو چەند بەرپرسێكیشیان لەو وڵاتە نیشتەجێن.
هاوكات سێ کەسی ئاگادار لە دانوستانەکان، بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، قەتەر وەك لایەنی نێوەنگیر “گەشبین”ە بە گفتوگۆكان و پێیوایە نزیكن لە رێككەوتن.
لە بارەی داواكارییەكانی گروپە چەكدارییەكان، ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە، مەرجی سەرەكی ئەوان ئازادكردنی هەموو گیراوە فەڵەستینییەكانە، بەتایبەتی ئەوانەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستگیركراون، لەبەرانبەر ئەوەدا ئامادەیە هەموو گیراوانی 7ی ئۆكتۆبەر ئازادبكات.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئۆپەراسیۆنی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین لە ئیسرائیل دەستگیركران، ٢٣٩ کەسی مەدەنی و سەربازین، كە ئیسرائیل لە رۆژی دەستگیركردنیانەوە لە هەوڵی ئازادكردنیاندایە.
لەدوای ئۆپەرسیۆنەكەی گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستینیش بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر كەرتی غەزە كردووەو بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانیش تائێستا 8525 كەس كوژراوان، لەو ژمارەشیان 3542 كەسیان منداڵن و 2187 تریش ژنن، ئەمە جگە لە برینداربوونی هەزاران كەسی تر.
بەهۆی ئەوەی لەناو گیراوانی ئیسرائیلی كەسانی بیانی ، بەتایبەتی ئەمریكی و بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسیش هەیە، وڵاتانی زلهێزیش لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی گفتوگۆكان بە ئەنجام بگات و بارمتەكان بەزوویی ئازادبكرێن.