زووم
لە ماوەی 23 رۆژی جەنگی غەزەدا 3 هەزار و 457 منداڵ بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و دەیان هەزاری دیکەشیان برینداربوون، بەڵام تائێستا هیچ رێكارێك نەگیراوەتە بەر، بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانیانی منداڵان لە شەڕەكانی غەزە.
ئیدێڵ خزر بەڕێوەبەری هەرێمی یونسێف لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، لەبارەی دۆخی منداڵان لە غەزە دەڵێت: کوشتنی منداڵان و رفاندنیان، هێرش کردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، رێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان، پێشێلکردنێکی روونی مافەکانی منداڵانە”.
ئەو دەشڵێت: ئاماژەكان پێمان دەڵێت، كە منداڵانی غەزە قوربانی یەكەمی شەڕەكەن و دەبێت رێكاری پێویست بۆ كەمكردنەوەی قوربانییەكان بەتایبەتی منداڵان بگیرێتە بەر.
فەلەستینیەکان پێیان وایە، ئیسرائیل بە مەبەست منداڵان بە ئامانج دەگرێت، لەو بارەیەوە خەلیل ئەبو شەمالە بەڕێوەبەری دامەزراوە زەمیر بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کەرتی غەزە دەڵێت: ئیسرائیل بە مەبەست ژنان و منداڵان بە ئامانج دەگرێت، ئەمەش هەڵەیەک نییە وەک ئەوەی هەندێک ناوەندی ئیسرائیلی باسی دەکەن، چونکە فرۆکە جەنگییەکان ناوچە نیشتەجێبووەکان بۆردومان دەکەن”.
ئەو دەشڵێت: تەکنەلۆژیای سەربازی ئیسرائیل زۆر پێشکەوتووە، ساڵانی رابردوو چەندین ئۆپراسیۆنی وردیان دژ بە چالاکوانان ئەنجام داوە و بە وردی ئامانجەکەیان پێکاوە، بۆیە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین لەهەموو ئەو تاوانانەی ئیسرائیل دەرحەق بە هاوڵاتیانی سڤیل و منداڵان ئەنجامی داوە”..
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 20ی تشرینی دووەمی 1989دا جارنامەی مافەکانی منداڵانی هەموارکردەوە و بەپێی مادەی (38) “هیچ منداڵێكی خوار تەمەن پازدە ساڵ، نابێت بچێت بۆ شەڕ و جەنگ؛ دەوڵەت و دەسەڵات دەبێت لە كاتی جەنگدا چاودێری و پارێزگاری لە منداڵان بكەن”.
هەروەها خاڵی چوارەمی مادەکەدا وڵاتان ناچار دەکات کە “رێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل و منداڵان لە کاتی جەنگەکاندا”، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم رێککەوتنە نێودەوڵەتییە، بەردەوام دیمەنی کارەساتباری منداڵانی غەزە دووبارە دەبنەوە، كە ژمارەیەکی زۆریان بوونەتە قوربانی، بەشێکی دیکەیان لەژێر دارو پەردووی باڵەخانە روخاوەکاندان و منداڵانی دیکەش لە ترسدا هەڵدەلەرزن، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی جەنگەکەوە لە خوێندن دابڕاون.