زووم:
سزای زیندانیکردنی شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوەو برایەكیشی دەڵێت: ئێمە بە كەمكردنەوەكە “ناڕازین” و تەمیزی دەكەینەوە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، 26ی ئۆكتۆبەر، دادگای تەمیز، سزای شێروان شێروانی بۆ دوو ساڵ كەمكردووەتەوە، كە لە 20\7\2023 دادگای هەولێر بە هەردوو مادەی 298 و 289بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزای دایەوە.
دوای سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن، داوای تەمیزکردنەوەی كرا، كە بە قسەی بارزانی شێروانی برای شێروان شێروانی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو تەمیزی بڕیارەكەی دادگا كراوەو دوو ساڵ سزاكەی كەمكراوەتەوە.
بارزان شێروانی لە لێدوانێكی بۆ زووم وتی: رۆژی یەك شەممە بڕیاری تەمیزكردنەوەكە، بە شێروان شێروانی وتراوە، كە ئێستا لە زیندانی چاكسازی گەورانە لە هەولێر، ئەمڕۆش ئێمە ئاگاداركراوینەتەوە لە تەمیزەكە.
ئەو برایەی شێروان شێروانی، “ناڕەزایی” دەربڕی لە تەمیزەكەو وتیشی: تەمیزی ئەم تەمیزكردنەوەیە دەكەین، چونكە لە بنەڕەتدا سزاكەی خۆی هەر “دادپەروەرانە” نەبووە.
بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ شێروان شێروانی ئازادبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو سزایە نوێیەوە، لە زیندان دەمێنێتەوە، تا ماوەی سزاكەی تەواو دەبێت.
سزادانەكەی ئەمجارەی شێروانی بەپێی مادەکانی 298 و 289ی سزادانی عێراقی بووە، كە تایبەتن بە ساختەكردنی نووسراو بەگوێری مادەی 295 لە یاسای سزادانی عێراقی، “تاوانبار سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک، کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر ساختەکاری لە نووسراوێک بكات”، هەروەها بە گوێرەی مادەی 289ش، “تاوانبار سزا دەدرێت بە سزای بڕیار لێدراو بۆ تاوانی ساختەکردن، بەپێی حاڵەتەکان هەر کەسێک نووسراوی ساختە بەکاربهێنێت لەگەڵ ئاگاداربوون بە ساختەبوونی”.