زووم:
بزووتنەوەی حەماس گرتەی ڤیدیۆیی سێ ژنی بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، کە داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان دەکەن جەنگ رابگرێت و بۆ ئازادکردنیشیان لەگەڵ فەلەستینییەکان رێک بکەوێت.
ئەو سێ بارمتە لە ڤیدیۆکەدا دەڵێن: ئێمە ماوەی 23 رۆژە لای حەماس دەستگیركراوین، وا پێویست دەکات جەنگ رابگیرێت، تۆ رێکەوتیت، کە ئازادمان بکەیت، بۆیە ئێمە بەرپرسیاری شکستی سیاسی و ئەمنی و سەربازی 7ی ئۆکتۆبەر دەخەینە ئەستۆی تۆ، چونکە لەو شوێنە هیچ سەربازێکی لێنەبوو.
هەروەها دەشڵێن: تۆ هەموومان دەکوژیت، ئایا بەس نییە ئەوەی ئەنجامدا، وات لە سوپا کردووە ئێمە بکوژێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا، ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە داوا دەکەن ئازاد بکرێن، لەو بارەیەوە دەڵێن: ئێستا ئازادمان بکە، بارمتەكان ئازاد بکە، پێویستە هەر ئێستا ئێستا بگەڕێنەوە بۆ ناو کەسوکارمان.
لەلایەكی تر، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، رۆژنامەی”گاردیان”ی بەریتانی بڵاویكردەوە، حکومەتی ئیسرائیل رووبەروی فشارێکی زۆر بووەتەوە، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دیلە فەلەستینییەکان 230 بارمتەی وڵاتەکەی لە کەرتی غەزە ئازاد بکات.
بەڵام حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیان ئازادکردنی بارمتەکانە، هاوتا لەگەڵ لەناوبردنی حەماس.
بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە، کە خۆی لە 25 دەوڵەت دەبینیتەوە، سەرەکیترینیان ئەمریکا، روسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەرژەنتین و تایلاندن، كە لە 7ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە دەستگیركراون.