زووم:
کەمی سووتەمەنی لە غەزە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تەندروستی “ئەمبولانس” لە خزمەت بكەون، كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینییەكانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەزەو بەهۆشەییەوە ژمارەی کوژراوان و برینداران رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە.
23 رۆژە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بۆ سەر غەزە دەستیپێكردووە، 48 كاتژمێریشە سوپای ئیسرائیل، قۆناغی دووەمی پرۆسە سەربازییەكانی دەستپێكردووە، كە خۆی لە ئۆپەراسیۆنی كورتی زەمینی دەبینێتەوە، وەك ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای ئیسرائیل لە 24 رۆژی رابردوودا، ژمارەی كوژراوان بۆ زیاتر لە ٨ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها زیاتر لە ٢١ هەزار کەسیش برینداربوون، ئەوەش بە گوێرەی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین.
هەر بە گوێرەی داتاكانی وەزارتەكە، زیاتر لە هەزار و ٨٧٠ کەس هێشتا لە ژێر داروپەردووی خانوو، بینا رووخاوەكانی ناوچەكانی غەزەن.
هەرچەندە تائێستا، 117 بارهەڵگری فریاگوزاری چوونە ناو کەرتی غەزە، بەڵام ئسرائیل رێگەنادات هیچ بارهەڵگرێكی سوتەمەنی لە دەروازەی سنووری رەفەحەوە بچێتە ناو كەرتی غەزە.
دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) جەختدەكاتەوە، دەبێت بەپەلە رێگە بە چوونی سووتەمەنی بۆ ناو کەرتی غەزە بدرێت، چونكە سەرجەمی كۆگاكانی هەڵگرتنی سوتەمەنی خاڵی بوون و هیچ بڕێك نەماوە.
دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە بەوەی، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت بە چوونی سوتەمەنی بۆ غەزە دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت و بەو هۆیەوە هەزاران كەسی تر ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
لە 72 كاتژمێری رابردوودا، پایتەختی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیش هەوڵەكانیان چڕترکردووەتەوە بۆ زیادكردنی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئیسرائیل ناچاربكەن، ڕازی بێت بەچوونی سوتەمەنی بۆ ناو كەرتی غەزە، ئەوەش بەهۆی پێویستی زۆری دەزگاكانی تەندروستی بە سووتەمەنی.
لەلایەكی تری كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی، تۆمارێكی دەنگی كارمەندانی مانگی سووری فەلەستینی بڵاوكردووەتەوە، كە داوای سووتەمەنی بۆ ناو كەرتی غەزە دەكەن.
ئەو كارمەندانە باسیان لەوە كردووە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی لە چەند كاتژمێری رابردوودا 3 ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن لە کۆی 27 ئۆتۆمبێلی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سووری فەلەستین لە خزمەت كەوتوون.
لای خۆیەوە عەبدولجەلیل حەنجل وتەبێژی مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس لەكاركەوتوون، هەر بەهۆی کەمی سووتەمەنی جموجوڵی ئۆتۆمبیلەكانی تریش كەمیانكردووە.
ئەو داواشی كرد، بەزوویی رێگە بكرێتەوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی پێویست بۆ نەخۆشخانەو ئۆتۆمبیلە سەربازییەكان دابینبكرێت، تا بە تەواوی بكەونەوە خزمەت و بەهانای ئەو كەسانەوە بچن بەهۆی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكانەوە برینداربوون.
لە كەرتی غەزە سوتەمەنی تەنیا بۆ ئۆتۆمبیلە فریاگوزارییەكان پێویست نییە بەڵكو بۆ نەخۆشخانەكانیش پێویستە، بوونی سوتەمەنی بەردەوامی دەدات بە كارپێكردنی وێستگەکانی ئۆکسجین و کارەبا، كە ئەوانەش بۆ نەخۆشخانەكان گرنگن.