هەڵبژاردنی ئەمڕۆ، 8ی تشرینی دووەم، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەمریکا، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا دەردەکەوێت کێ کۆنتڕۆڵی گۆنگرێسی ئەمریکا دەکات. هەروەها چارەنوسی ئەجێندای جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی دەبێتەوە.
هەڵبژاردنى نیوە خول (خولى ناوەڕاست) لە ناوەڕاستی چوارساڵی خولی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت، لە هەڵبژاردنەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس و حاکمی 36 ویلایەت لەکۆی 50 ویلایەتی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێن.
لە ئەمریکا، دەسەڵاتی یاسا دانان یان (کۆنگرێس) لە دوو بەش پێکدێت، ئەنجومەنی نوێنەران، كە ژمارەیان 435 ئەندامە، لەگەڵ ئەنجومەنی پیران، كە ژمارەیان 100 سیناتۆرە.
لە هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆدا هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران، کە نزیکەى 35 سیناتۆرە هەڵدەبژێردرێن.
كۆنگرێسی ئەمریكا، دەسەڵاتەكانی یاسادانانی لەنێوان هەر دوو ئەنجومەنەكەیدا دابەشكردووە؛ بە جۆرێك ئەنجومەنی پیران نەخشەی سیاسەتی گشتیی وڵات دەكێشێت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەركی چاودێری و نوێنەرایەتیی گەلی لەئەستۆدایە و یاساکانی ئەو وڵاتە دادەنێت و چاودێری جێبەجێکردنیان دەکات.
شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر ویلایەتەکاندا جیاوازە، بەشێوەیەک هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان دابەش دەبن، ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە، 52 ئەندامی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لە کۆی 435 ئەندام، بەڵام ویلایەتی وایۆمینگ، کە کەمترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە بەراورد بە ویلایەتەکانی دیکە، تەنها یەک ئەندام هەڵدەبژێرێت.
هەرچی 100 سیناتۆرەکەی ئەنجومەنی پیرانە دابەشدەبن بەسەر هەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، لە هەر وێلایەتێک دوو سیناتۆر هەڵدەبژێردرێت و دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی پیران، بێ گوێدانە گەورەیی و بچوکی ویلایەتەکە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەک لەسەر سێیان هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەموو دووساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، بەڵام خولی سیناتۆرەکان بە شەش ساڵ کۆتایی دێت، واتە دەشێت هەڵبژاردنی سیناتۆرەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکان یان هەڵبژاردنی نیوە خولدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەک لەسەر سێی سیناتۆرەکان، دووساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن.
دەسەڵاتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لایەن كۆنگرێسەوە بە هەر دوو ئەنجومەنەکەیەوە چاودێری و كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام كاتێك ئەو حزبەی هەر دوو جومگەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانی بەدەستەوە دەبێت، دەستكراوەتر دەبێت و بڕیارەكانی ئاسانتر بۆ جێبەجێ دەكرێت، کە ئێستا دیموکراتەکان بەوشێوەیەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ئەدای خولی یەکەمی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ساڵی رابردوودا دیاریدەکات، چونکە بەدرێژایی مێژووى ئەمریکا هەڵبژاردنى خولى ناوەڕاست وەک هەڵسەنگاندنى دوو ساڵى یەکەمى سەرۆکایەتى مامەڵەى لەگەڵ کراوە، بۆیە بە “ریفراندۆم” ناودەبرێت.
رۆڵى ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوە خولدا
لە مێژووی ئەمریکادا باو نییە سەرۆکێکی پێشوو لە هەڵبژاردنی نیوە خولدا رۆڵێکی گەورە ببینێت، بەڵام ترەمپ کەسایەتییەکی سیاسی جیاوازی هەیە.
ترەمپ بانگەشەى کرد و پشتگیری لە دەیان کاندیدی کۆمارییەکان دەکات بۆ دوبارە گرتنەوەدەستی کۆشکی سپی ئەمریکا لە ساڵی 2024دا.
ترەمپ و زۆرێک لەو کاندیدانەی، کە ئێستا پشتگیرییان دەکات، هەواڵ و زانیاری “ساختەیان” لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 2020دا بڵاوکردەوەتەوە. ئەمەش نیگەرانی لای رەخنەگران لەبارەی پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموکراسیەوە دروستکردووە و ترەمپیان بەوە تۆمەتبارکردووە، کە لەپشت روداوەکانی کانوونی دووەمی ساڵی 2020ەوە بووە، کە تێیدا سەدان کەس لە پشتیوانانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن.
لە ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی کورسییەکانی کۆمارییەکان، لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس لەبارەی تێوەگلانی ترەمپ لە روداوەکانی ساڵی 2020، کە تایبەتن بە رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گومان خستنەسەر پرۆسەی دیموکراسی ئەمریکا، رەنگە پەکیان بکەوێت و هێرشی پێچەوانە بۆ سەر جۆ بایدنی سەرۆک دەستپێبکات.