زووم:
تەنیا مسوڵمانان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە نەوەستاونەتەوە، بەڵکو بەشێک لە جووەکانی جیهانیش دژی هێرشەکەن و داوەی دەستبەجێ راگرتنی دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، بەشێک لە جووەکانی ئەمریکا لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا خۆپیشاندانیان سازکرد، لە ژێر دروشمی “دەنگی جووەکان لە پێناو ئاشتی” ڕێپێوانیان سازکرد و رەتیانکردەوە بەناوی ئەوانەوە هێرش بکرێتە سەر فەلەستینییەکان.
لە گردبوونەوەو رێپێوانەكان، “ئێمە دژی تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی حکومەتی ئیسرائیلین، کە دەرحەق بە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە ئەنجامی دەدات”، رێکخراوی دەنگی جووەکان لە پێناو ئاشتی بەم دروشمە هەڵوێستی خۆیان دژی حکومەتی تەلئەبیب دەربری.
ئەو رێکخراوە بە تەنیا دژی هێرشەکان نەوەستاوە، بەڵکو گروپێکی دیکەش، کە لە 100 کەس زیاتر پێکهاتبوون، چوونە ناو بینای کاپیتۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا و لەسەر تیشێرتە رەشەکەیان دروشمی “جووەکان دەڵێن: ئێستا ئاگر بەست رابگەیەنن و نەخێر بەناوی ئێمەوە هێرش مەکەن”، بەڵام بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت پۆلیسی کاپیتۆڵ دەستگیریکردن.
لەلایەکی دیکەوە، حاخام، لیندا هۆڵتسمان لە ئەمریكا وتی: ئەگەر بمتوانیایە پەیامێک بۆ سەرۆک بنێرم، ئەوە پێمدەوت، چاوتان بکەنەوە، سەیربکەن لە غەزە چی ڕوودەدات، ئەگەر دەتانەوێت لە ئاوێنەوە سەیری خۆتان بکەن، ئەوە سنورێک بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە دابنێن.
هاوكات هانا لۆرانس، کە جووەیەکی ئەمریکایە بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ی وتووە، بایدن تاکە کەسە، کە دەتوانێت فشار لە ئیسرائیل بکات، بۆیە لەسەری پێویستە فشار بکات و گیانی بێتاوانەکان ڕزگار بکات.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی “جۆییش ڤۆیس فۆربیس- نیویۆرک سیتی” خۆپیشاندانێکی فراوانی لە نێو وێستگەی شەمەندەفەری گراند سێنتراڵ لە نیویۆرک سازکرد، خۆپیشاندەران لەسەر تیشێرتەکەیان دروشمی “نەخێر بەناوی ئێمەوە”، “وەستانی ئاگربەست هەر ئێستا”یان نوسیبوو، بەڵام دواتر پۆلیس بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد و ژمارەیەکی زۆری لێدەستگیرکردن.
هەر لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، حاخامە جووەکان بە هەڵکردنی مۆم دژی هێرشەکان وەستانەوە، لەبارەی ئەو چالاکییەوە، حاخامە مای یی وتی: بەشێوەیەکی گشتی رۆژی پشوو و خۆشییە، بەڵام ئێمە دڵخۆش نین، کە دەبینین بەناوی ئێمەوە کۆنەڵکوژی ئەنجام دەدرێت.