ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە، لە شەقامى سەناعە، لە ناوچەى کەڕادەى بەغداد، دەستڕێژى گولـلە لە هاوڵاتییەکى ئەمریکیی کرا و کوژرا.
کوژراوەکە ناوى “ستیڤن ئێدوارد ترۆل”ە و تەمەنى 46 ساڵە، لە رێکخراوی “میلینیۆم بۆ خزمەتگوزاری فریاکەوتن و پەرەپێدان” کاری کردووە.
سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراق، بە کەناڵى ئەلعەرەبییەى راگەیاندووە، لە کاتى رووداوەکەدا ستیڤن لەنێو ئوتۆمبێلێکی جۆری پرادۆی رەنگ سپی بووە و بە تەنها بووە، هێرشبەرەکانیش دوو ئوتۆمبێلیان بەکارهێناوە، تاهۆیەکی رەنگ رەش و مارسیدسێک لە هەمان رەنگ.
تائێستا لایەنە ئەمنییەکانى بەغداد هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکارى رووداوەکە و تەقەکەرەکان بڵاونەکردووەتەوە.
لە لایەکى دیکەوە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، ئاگادارى ئەو راپۆرتانەن کە باس لە کوژرانى ئەمریکییەک دەکەن لە بەغداد، بەڵام تائێستا چاوەڕوانن و جارێ هیچ شتێکیان نییە رایبگەیەنن.