زووم:
پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی ناردنی 700 ملیارەكە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەغداد 700 ملیارەكە نەنێرێت: بێدەنگنابین.
پێشەوا هەورامی ئەمڕۆ شەممە راگەیەنراوەكەی بڵاوكردەوەو راشیگەیاند، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێ شەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەی ڕابردوو نیەتی ڕوونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، هەروەها رایگەیاند، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی عێراق، لە كۆتا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختیكردووەتەوە، تا حكومەتی هەرێم پاكتاوی خەرجی مانگەكانی حەوت و هەشت نەنێرێت، ئەو 700 ملیارە نانێرن بۆ هەرێم، كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە.