زووم
دوای هێرشەکەی چەكدارانی فەڵەستین لە غەزە، حکومەتی ئیسرائیل بەڵێنی دا لە وەڵامدا هێرشی زەمینی دەکەنە سەر کەرتی غەزە و ئەو چەكدارانە بە تەواوی لەناو دەبەن، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل تا ئێستا نەیتوانیوە هێرشێکی فراوان ئەنجامبدات، بەڵکو لەبری ئەوە شەوی رابردوو هێرشێکی زەمینی سنورداری ئەنجامدا و پێش هەڵهاتنی خۆر سەربازەکانی کێشایەوە.
لەبارەی ئەو کارەی ئیسرائیل تۆری (سکای نیوز) ی بەریتانی بە “ستراتیژی کارا” ناوی بردووەو بڵاویكردووەتەوە، رەنگە ئەو ستراتیژە چەند جارێك دووبارە بكرێتەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی تۆڕەكە، ئیسرائیل لە هەموو هەڵکوتانەکانیدا دەیەوێت ژێرخانی حەماس و غەزە وێرانبکات، رێگاکان دەستنیشان بکات، دۆخی شوێنەکە هەڵبسەنگێنێت و زانیاری هەواڵگری کۆبکاتەوە، بۆیە سوپای ئیسرایل وردە وردە دەچێتە ناو غەزەوە، هەروەها هێرشێکی فراوانیش شتێکی چاوەروان نەکراو نابێت.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەكە، لەبری هێرشی فراوان، ئیسرائیل ستراتیژیەتێک پەیرەو دەکات، کە فشاری ماوە درێژ لە چەکدارە فەلەستینیەکان دەکات، كە خۆیان لە تونێلەکاندا حەشارداوە، ئەمەش لە کاتێکدا دەبێت فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زەوی بەسەریاندا تەخت دەکەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سوپای ئیسرایل لە هەندێک قۆناغدا ناچار دەبێت شەڕی شەقام بکات و لە باڵەخانەیەکەوە بچێتە باڵەخانەیەکی دیکە، بەڵام لەم قۆناغەدا مەترسی زیاتر روویان تێدەکات، وەک کەوتنە بۆ سەوە، بوونی لوغم، چەکداری قەناس بەدەست، بۆیە ئیسرائیل دەیەوێت ئەو مەترسیانە کەم بکاتەوە.