زووم
میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هۆشدارییەکەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكایان لەسەر بە ئامانج نەگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە پشت گوێخست و لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا چرکردووەتەوە،
چەند رۆژێكە، گروپێک، كە خۆیان وەك “مقاومەی ئیسلامی” ناساندووە، بەرپرسیاری بەرپرسیاری خۆیان لە هێرشەكانی سەر بنكەی تەنەف لە سوریا، عەین ئەسەد لە عێراق، هەریر لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنن.
هەرچەندە پشتراستنەكراوەتەوە، كە ئەم گروپە سەر بە كێن و چ لایەنێك پشتیوانیان دەكات، بەڵام لە بەیاننامەكانیان جەختدەكەنەوە، بەردەوام دەبن لە هێرشەكانیان و شەوی رابردووش دوای هێرش بۆ سەر بنكەی سەربازی تەنەف لە سوریا رایانگەیاند، “بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئامانجەكەیان پێکاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر جۆ بایدن هۆشداری دابوو، بە توندی وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە، كە دەكرێتە سەر بنكەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق و سوریا بەتایبەتی.
لەلایەکی دیکەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، رۆژی هەینی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران جارێکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە رژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
روانگەکە دووپاتیشیکردووەتەوە، کە دەنگێکی گەورە لە بنکەیەکی ئەمریکا لە گوندی (خەزرا) لە دەوروپشتی دیرەزوور بیسراوە، کە تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە، هاوکات هێرشێکی دیکەش کراوەتە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەی (خەراب)، کە پێدەچێت گروپەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان ئەنجام دابێت.
لەسەرەتای جەنگی گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەرپرسیاری خۆیان لە 20 هێرش راگەیاندووە.
هاوکات فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی چەند هێرشێکی ئاسمانیان لە رۆژهەڵات و باکوری سوریا ئەنجامدا، لە بارەی ئەم هێرشانەوە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆگای هەڵگرتنی چەکی کردووەتە ئامانج، کە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بەکاریدەهێنن.
ناوبراو راشیگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت توانای گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەناو بەرێت.
هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکان هاوکاتە لەگەڵ وتەیەکی عەلی خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئەمریکای تۆمەتباركرد بەوەی “پلانی تاوانەکانی غەزە بەرێوە دەبات”.