کەسوکاری بارمتەگیراوەکانى ئیسرائیل داواى بینینى بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل دەکەن و دەڵێت، “شەوێکى سەختمان بەڕێکرد. هۆشدارى دەدەن، ئەگەر داواکارییەکان قبوڵ نەکرێت خۆپیشاندان دەکەن.
تاوەکو ئێستا 229 بارمەتەگیراوى لاى حەماس پشتڕاستکراوەتەوە، کە لە هێرشەکەى 7ـى ئۆکتۆبەردا بۆ غەزە براون، کەسوکارەکانیان لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو بە ناخۆشترین شەوی ژیانیان وەسفکردووە. سوپاى ئیسرائیل چڕترین هێرشى کردە سەر غەزە و هێڵی ئینتەرنێت و کارەبای شارەکەى بەتەواوەتی پچڕاند.
بەهۆی نیگەرانییەکانیان بارمتەگیراوەکان کەسوکارەکانیان داوایان کردووە دەستبەجێ لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیری بەرگری و ئەندامانی حکومەتە تازەکەی ئیسرائیل کۆببنەوە. بەگوتەی خۆیان لە دۆخێکی شڵەژاودا رۆژیان کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە، بەهۆی ئۆپراسیۆنە گەورەکەى سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە بارمتەگیراوەکانیش لەژێر هەڕەشەی ئەو بۆردومانە قورسانەدابوون.
لەبارەی هێرشە زەمینییەکەوە، کەسوکاری بارمتەکان دەڵێن، هێرشکە ژیانی بارمتەگیراوەکان دەخاتە مەترسییەوە.
دەڵێن، “نیگەرانن لەبارەی چارەنوسی خۆشەویستانیان. هەر خولەکێک بۆ ئێمە وەک ژیانێکی تاهەتایی وایە”.
حەماس تاوەکو ئێستا کچ و دایکێکى ئەمریکی و دوو ژنە بەتەمەنى دیکەى ئیسرائی ئازادکردووە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، “ئازادکردنى بارمتەگیراوەکان هەوڵی لەپێشینەی باڵای ئیسرائیلە و هەموو چالاکییەکان، ئۆپەراسیۆنەکان و کارە هەواڵگرییەکانیان بۆ ئەو ئامانجەیە”.