ئارمیتا گەڕاوەند، دواى 28 رۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانەى فەجرى تاران، ئەمڕۆ میدیاى فەرمى ئێران هەواڵى گیانلەدەستدانى بڵاوکردەوە. ئارمیتاى 17 ساڵ، خەڵکى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستانە و لەگەڵ خانەوادەکەى دانیشتووى تاران بوو.
ئارمیتا رۆژى 1ـى ئەم مانگە لە مێترۆی شەهۆدای تاران توشى رووداوێک بوو، رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، پۆلیسی تارانى بە هۆکارى رووداوەکە تۆمەتبارکردووە و رایگەیاندبوو، “ئارمیتا بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند کارمەندێکى پۆلیسەوە هێرشی کرایەسەر و بەتوندی لێی درا”.
رێکخراوى هنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئارمیتا بە “قوربانییەکى دیکەى حیجابی زۆرەملێ” ناو دەبات.
رێکخراوەکە دەڵێت، “بەهۆى کوژرانى ژینا ئەمینى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە و شاردنەوەى راستییەکان، هیچ متمانەیەک بە دامودەزگاکانی حکومەت نەماوە”. بە مەبەستی روونکردنەوەی راستییەکان، “خوازیاری پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بووین لە دۆسیەى ئارمیتا”.
هەنگاو دەڵێت، دەمانوێست لیژنەکە پێکبێت لە تیمێکی پزیشکی سەربەخۆ، لە پزیشکانی بێسنوور، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، کە بنکەکەی لە تارانە و بە ئامادەبوونی نوێنەری لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی ئێران، بەڵام “دەزگا ئەمنییەکان نەک هەر رێگەیان بە پێکهێنانی لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان نەدا، بەڵکو ئەو رۆژنامەنووسە سەربەخۆیانەشیان دەستگیرکرد، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئارمیتا چوونە نەخۆشخانەکە”
لەبارەى رووداوەکە ئاژانسی ئێرناى ئێران دەڵێت، “ئارمیتا لەوکاتەى لەگەڵ هاوڕێکانى بۆ نێو شەمەندەفەرەکە سەردەکەوت، بوراوەتەوە و پشتى سەرى بەر لێوارى شەمەنەفەرەکە کەوتبوو”.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، دواى سێ رۆژ لە بێهۆشکەوتنى ئارمیتا، لە زاری دوو چالاکوانەوە بڵاویکردەوە، رووداوەکەى ئارمیتا بەهۆى روبەڕووبوونەوەى بووە لەگەڵ کارمەندانی ئەمنی لە میترۆی تاران، بەهۆی پێشێلکردنی یاسای حیجابەوە.
رۆژى 22ـى ئەم مانگە رێکخراوى هەنگاو رایگەیاند، قسەى لەگەڵ بەهمەن گەڕاوەندى باوکى ئارمیتا کردووە و گوتى، پزیشکەکان پێیانگوتین ئارمیتا مێشکی راوستاوە.
هەرچەندە لە کۆتایی ساڵى رابردووەوە بە فەرمى کارەکانى پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران هەڵپەسێردراون، بەڵام لە رووداوەکەى ئارمیتادا هاوشێوەى رووداوەکەى ژینا ئەمینى پەنجەى تۆمەت بۆ پۆلیسى ئەخلاق درێژ دەکرێت.