هێشتا هەفتەیەک بەسەر پێشنیازی پرۆژە یاسای سەربازی زۆرەملێ تێپەڕ نەبووە، بەڵام لایەنەکان ڕای جیاوازییان لەسەری هەیە، ئەوەی لەهەموان جیاوازترە بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، کە حزبێکی مەدەنی بێ چەکە و پشتیوانی لە پرۆژەکە دەکات، بەڵام یەكێتی و پارتی و كۆمەڵ دژی پرۆژەکەن و پێیانوایە لەم هەلومەرجەدا قورسە جێبەجێ بکرێت، نەوەى نوێش نایەوێت لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات.
پڕۆژە یاسای خزمەتی ئاڵا، کە ئێستا لە پەرلەمانى عێراقە و ئامادەیە بۆئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت، کاردانەوە و مشتومڕى زۆرى لە شەقامى عێراق و هەرێمى کوردستاندا دروستکردووە، ئامانجى سەرەکى پڕۆژەیاساکە، گەڕاندنەوەى “سەربازیی زۆرەملێ”یە بۆ عێراق لە پاش 19 ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەى.
دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى کوردستان بە زوومی گوت: پڕۆژەیاسەكە پڕۆژەیەكی باشە و خزمەت بە عێراق دەكات.
گوتیشى ناکۆکى و ململانێى زۆر لەسەر پڕۆژەیاساکە هەیە و بەربەستى زۆرى لە بەردەمدایە، ئەگەر پێشوەختە رێککەوتن و گفتوگۆى لەسەر نەکرێت، ئەگەرى تێپەڕاندن و پەسەندکردنى لە پەرلەمان کارێکى زەحمەتە، بەڵام بە گشتی ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت، خزمەتێكی زۆر بە عێراق دەكات، وەکو ئەو پەرلەمانتارەى یەکگرتوو دەڵێت.
لە لایەکى دیکەوە، كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانى کوردستان بە زوومی گوت: پڕۆژەیاساكە پێویستی بە دیراسە و لێکۆڵینەوەى زیاتر هەیە، چونكە لە حاڵەتى پەسەندکردن و جێبەجێكردنیدا، كێشەی زۆر بۆ عێراق دروست دەكات.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی، دەشڵێت، پێویستە لە هەموو لایەنەكانەوە پڕۆژەیاساكە هەڵبسەنگێنرێت، چونكە لە عێراق زیاتر لە 250 هەزار چەكدار بوونی هەیە، ئەگەر پێنج ملیۆن سەربازی دیکە بەهۆی پڕۆژەیاسەكەوە زیاد بكات، دەبێت بزانرێت بۆ دابینكردنی بودجە و پڕچەكردنی ئەم ژمارە زۆرە سەربازە، پارەی پێویست لە بەردەستدایە یاخود نا.
بە گوتەى ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساکە بەمنزیکانە ئەگەرێکى دوورە و لەنێو پەرلەمانیش واژو كۆكراوەتەوە بۆ دواخستنی.
سەبارەت بە هەڵوێستى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستانیش لەبارەى گەڕاندنەوەى سەربازیی زۆرەملێ، یادگار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی پارتى بە زوومى گوت: پڕۆژەیاسەكە نا ئەقڵانییە و عێراق بەرەو عەسكەرتارییەت دەبات و بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە نازانرێت عێراق بەرەو چ سیستمێکی حوكمڕانی هەنگاو دەنێت.
گوتیشى، عێراق ناتوانێت بودجە بۆ پێنج ملیۆن كەس دابین بكات كە پڕۆژەیاساكە دەیانگرێتەوە و بارگرانییەكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی وڵات دروست دەكات، لە هەمانكاتیشدا پڕۆژەیاساكە هیچ ئازادییەك بۆ گەنج ناهێڵێتەوە.
هەر لەسەر ئەم پرسە، محەمەد حەكیم گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە زوومی گوت: لەم هەلومەرجە سیاسی و ئابوریییەی كە عێراقی تێدایە، پڕۆژەیاسای “سەربازیی زۆرەملێ” بە باش نازانن.
محەمەد حەكیم ئاماژەى بەوەشدا، ئەگەر پڕۆژەیاسەكە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە ئەوان هەر لەگەڵیدا نین و ناكرێت لەم دۆخەی ئێستا، پڕۆژەیەكی لەو جۆرە بوونی هەبێت.
دوێنێ یەکشەممە بڕیاربوو پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەم بؤ پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا بکات، بەڵام خوێندنەوەکە بۆ دانیشتنى داهاتوو دواخرا، بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، هەموو کەسێک کە تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵى دابێت، پێویستە بۆ ماوەیەکی کاتی لە سوپادا خزمەت بکات.
لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر پڕۆژەیاساکە بەمشێوازەى ئێستا پەسەند بکرێت، ئەوا پاش دوو ساڵ لە دەرچوونی، جێبەجێدەکرێت، بەوەش پاش 19 ساڵ لە روخانى سەدام، جارێکى دیکە سەربازیی زۆرەملێ بەسەر هاوڵاتیانى عێراقدا دەسەپێنرێتەوە کە پێشتر لەسەردەمی حکومەتی بەعسدا بؤماوةى 34 ساڵ یاسایەکی هاوشێوە پەیڕەو دەکرا.