زووم..
بەگوێرەى راپۆرتى دەزگایەکى ئەوروپى، توركیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین پێشێلكاری دژی میدیاى تێدا ئه‌نجامده‌درێت و تەنها لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 136 پێشێلكاری ئازادی راگه‌یاندن بەرامبەر 172 رۆژنامەنووس و ده‌زگای میدیایی ئەنجامدراوە.
ده‌زگای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای ئازادی میدیا (MFRR) كه چاودێری ئازادی راگه‌یاندن و میدیا ده‌كات له وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئەو وڵاتانەى کاندیدن بۆ بوونه ئه‌ندام، راپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به پێشێلكارییه‌كان دژی ئازادی راگه‌یاندن و میدیا له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2023 بڵاوكرده‌وه.
راپۆرته‌كه له‌ژێر ناونیشانی (Mapping Media Freedom-MapMF) بڵاوكراوه‌ته‌وه، له توركیا له‌ماوه‌ی نێوان كانوونی دووه‌م تا حوزه‌یرانی 2023، 136 پێشێلكاری ئازادی راگه‌یاندن و میدیا كه 172 كه‌س و ده‌زگای میدیایی گرتووه‌ته‌وه، تۆماركراوه.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه توركیا و ئۆكراین زۆرترین پێشێلكارییه‌كانی ئازادی میدیایان تێدا ئه‌نجامدراوه.
راپۆرتەکە دەڵێت، له‌ماوه‌ی نێوان بومه‌له‌رزه‌كه‌ی مانگی شوبات و هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاردا، توركیا به‌رده‌وامبووه له‌وه‌ی یه‌كێك بێت له‌و وڵاتانه‌ی کە زۆرترین ژماره‌ی رۆژنامه‌نووسانی خستووه‌ته زیندانه‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا 21 رۆژنامه‌وان زیندانیكراون.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، نزیكه‌ی نیوه‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌رێگه‌ی یاساوه ئه‌نجامدراون، دیارترین ئەو تاوانە ههڵبهستراوانەشى کە ئاراستەى رۆژنامەنووس و دەزگا میدیاییەکان کراون ئەمانە بوون: “تیرۆر”، “سوكایه‌تیكردن به كارمه‌ندی حكومه‌ت”، “سوكایه‌تیكردنی به سهركۆمار”، “هاندانی خه‌ڵك بۆ رق و كینه” و دوژمنایه‌تیكردن”.
راپۆرتى دەزگا ئەوروپییەکە تیشکی خستووەتەسهر ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست كه ساڵى رابردوو له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراوه، دوای بوومه‌له‌رزه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر رۆژنامەنوووس كه سه‌رگه‌رمی رووماڵكردنی هه‌واڵه‌كانی ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه بوون، ده‌ستگیركراون و چه‌ندین رۆژنامه‌نووس كه ره‌خنه‌یان له ئه‌دای حكومه‌ت گرتووه سه‌باره‌ت به هه‌وڵ و كاره‌كانی له دوای بوومه‌له‌رزه‌كان، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراوه به تاوانی “دروستكردنی هه‌واڵی درۆ” ، به‌ندكراون.
باسی لهوەشكردووه له مانگی نیساندا لانیكه‌م 10 رۆژنامەنووسى كورد له چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ده‌ستگیركراون و راپۆرته‌كه ئه‌مه‌ی به “ده‌ستدرێژیی و گێچه‌ڵی به‌رنامه‌بۆدانراو و چاوسووركردنه‌وه” ناوبردووه به‌تایبه‌ت كه به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان بووه.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه باسی له توندوتیژیی جه‌سته‌یی دژی رۆژنامەنووسان كردووه به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه رووماڵی بومه‌له‌رزه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه و جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه توندوتیژییه‌كان له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه ئه‌نجامدراون و كارمه‌ندانی حكومه‌ت و هێزه ئه‌منییه‌كانیش پشتیوانی زۆرێك له هێرش و په‌لاماره‌كانیان كردووه. باس لهوهشكراوه رۆژنامەنووسێک له مه‌ڵاتییه روبەڕوى توندوتیژی پۆلیس بووه‌ته‌وه و رۆژنامەنووسێكی دیكه له سەمسوور له‌لایه‌ن گوندپارێزانه‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر.
ده‌زگای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای ئازادی میدیا (MFRR) له‌لایه‌ن دەستەیەکەوە به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه له هه‌ریه‌ك له ناوه‌ندی ئازادی میدیا و راگه‌یاندن له ئه‌وروپا (ECPMF)، یەکێتى رۆژنامەنووسانی ئه‌وروپا (EFJ) و په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی میدیا (IPI) پێكهاتووه. پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی ئه‌وروپاوه هاوكاریی دارایی ده‌كرێت.
ده‌زگاكه ساڵانه دووجار راپۆرتی پێشێلكارییه‌كانی ئازادی میدیا بڵاوده‌كاته‌وه. ده‌زگاكه له‌ماوه‌ی نێوان كانوونی دووه‌م تا حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، له‌نێو وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی به‌ربژێردا، 575 پێشێلكاریی ئازادییه‌كانی میدیای تۆماركردووه كه دژی 844 كه‌س و ده‌زگای میدیایی ئه‌نجامدراون.