ئەمریکا لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی لە عێراق و سوریا هەراسانە و بەرپرسیارێتی هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئێران.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق و سوریا دەستیان پێکردووە، وەک پنتاگۆن رایگەیاند تەنها لە هەفتەی رابردوو 12 جار لە عێراق و 4 جار لە سوریا هێرشیان کراوەتە سەر.
پنتاگۆن رایگەیاند کە ئەمرۆ لە عێراق هێرشکراوەتە سەریان بەڵام هێرشەکان شکستخواردوو بوون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پنتاگۆن” رایگەیاند، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا دەخەینە ئەستۆی ئێران، کات و شوێنی وەڵامدانەوەمان نادرکێنین.
پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەواڵی ناردنی 9 هەزار سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، کە لە نێویاندا پسپۆڕی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تێدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكی بڵاویكردبووەوە، سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست چەندین رێکاری گرتووەتە بەر.
رێكارەكانی سوپای ئەمریكا لە ناوچەكە خۆی لە زیادکردنی جموجوڵە سەربازییەکان و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەوەی گەیشتن بە بنکە سەربازییەکان قورستر دەکرێت و فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ چەندین مەبەستی ئەمنی و هەواڵگری زیاتر بەکاردەهێنرێت.