ئایشمان لە ئۆرشەلیم (Eichmann in Jerusalem)، کتێبێکى قەبارە مامناوەندى ژنەبیرمەندى جوولەکە هانا ئارێنت (١٩٠٦-١٩٧٥)ـە. هانا ئارێنت، بە بیرمەندێکى سەر بە “فەلسەفەى سیاسى” ناسراوە. ئەو لەو جوولەکانەیە کە لە جینۆساید(ـى هۆڵۆ،کۆست) ڕزگارى بوو. ئەو لەژێر کاریگەریی فەیلەسوفەکانى وەک ئەرستۆ، کانت، هایدگەر و واڵتەر بنیامیندایە. دیارترین کتێبەکانى ئارینت بریتیین لە: ڕیشەکانى تۆتالیتاریزم، شۆڕش، دۆخى مرۆڤ، قەیرانەکانى کۆمار، ئایشمان لە ئۆرشەلیم. هانا ئارێنت، هەوڵیداوە لەڕوانگەى فەلسەفییەوە، کێشە سیاسییەکانى سەدەى بیست بخوێنێتەوە.
ئارێنت ئەم کتێبە لە ساڵى ١٩٦٣ بڵاودەکاتەوە، و ناونیشانى دووەم و لاوەکیی کتێبەکە بریتییە لە “دەربارەى پاتاڵیی خراپە”. “ئایشمان” لە ناونیشانى کتێبەکەدا، مەبەست لە “ئەدۆڵف ئايشمان”ـە کە ئەفسەرێکى پلەبەرزى نازی بوو. ئەم ئەفسەرە، بەرپرسى کاروبارى جووەکان بوو لە دەوڵەتى نازى (ڕایش)دا. ئەو لە سەردەمى هۆڵۆکۆستدا، کۆمەڵێک فەرمانى دەرکردبوو بۆ سووتاندنى جوولەکەکان. ئەم ئەفسەرە پاش ڕووخانى نازییەکان لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو ئەرجەنتین هەڵهاتبوون، بەڵام دەزگاى سیخوڕیی “مۆساد” و ئاژانسى ئاسایشى ناوخۆ توانییان بیناسنەوە و دەستگیرى بکەن و بیڕفێنن بۆ ئیسرائیل. ئایشمان، پانزە تۆمەتى درایەپاڵ، و لە ئۆرشەلیم (قودس) دادگاییکرا. لەناویشیاندا “تاوان دژى قەومى جوولەکە”، “تاوان دژى مرۆڤایەتى”، “تاوانى جەنگ لە سەردەمى ئەڵمانیاى نازى دا”. ئەو لە ساڵى ١٩٦٢، هەر لەئیسرائیل سزاى کوشتنى بەسەردا سەپێنرا، ئەویش ئەودەم کە داود بن گۆریۆن سەرەک وەزیران بوو. لەو ماوەیەى دادگاییەکەدا، گۆڤارى “نیۆرکەر”هانا ئارێنتى ڕاسپارد زنجیرەیەک باس لەسەر پرسەکە بنوسێت.
بایەخى داگاییەکە بۆ هانا ئارێنت، تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە جوولەکەیە و بکوژێکى جووەکان بە سزاى خۆى گەیەنراوە؛ بەڵکو دەشگەڕێتەوە بۆ هەندێک بانگەشەى ناو دادگاییەکە لەلایەن ئایشمانەوە. بۆ نمونە، ئایشمان لە دادگاییەکەدا باسى ئەوەى دەکرد کاتى کوشتنەکان بەردەوام بیرى لە چەمکى “فەرمانى ڕەها”ـى ئیمانوێل کانتى فەیلەسوفى ئەڵمانى کردووەتەوە. “فەرمانى ڕەها” بەسادەیی واتە بەجێهێنلنى فەرمانێک و ڕێسایەک کە ببێتە یاسایەکى گشتى بۆ هەموو مرۆڤایەتى. بەڵام هانا ئارێنت پێىوایە ئایشمان لەبنەڕەتەوە لە چەمکەکەى کانت تێنەگەیشتووە و بەنیوەناچڵى ناوەڕۆکەکەى وەرگرتووە. خاڵێکى تر کە لە دۆسیەکەى ئایشماندا بۆ ئارێنت گرنگە، ئەو پرسەیە کە بە “بیرۆکراسییەت” ناسراوە. بیرۆکراسییەت، واتە بەڕێوەبردن و ئیدارەى ڕووتى شتەکان. ئایشمان بە فەرمانبەرێک ناسراوە کە گوایە تەنیا فەرمانى دەوڵەتى جێبەجێکردووە. واتە پتر کرێکارى کوشتن بووە تا ئەوەى تاوانێکى تاکەکەسى ئەنجامبدات. پرسیارە فیکرییەکە ئەوەیە: ئاخۆ لە دەزگایەکى بیرۆکراسیی وەک دەوڵەتدا، ئاخۆ تاوانەکە دەکەوێتە ئەستۆى تاک یان دەوڵەت یان هەردوولا؟ ئارێنت لە کارەکەى خۆیدا باسى ئەوە دەکات کە ئایشمان هیچ ڕقێکى توندى دەرهەق بە جووەکان دەرنەبڕیوە، و هەردەڵێى چووە کارێکى ئاسایی ئەنجامبدات یان فەرمانێک کە ئەرکى سەرشانێتى و دەبێت دڵسۆزانە ڕایپەڕێنێت. تەنانەت بەر لە دادگاییەکە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک دەخرێتە ژێر پشکنین و نۆڕینى پزیشکییەوە، بەڵام پزیشکەکان هیچ شوێنەوارێکى تێکچوونى کەسایەتى یان نەخۆشیی دەروونیی تیا نادۆزنەوە. شەش پزیشک گەیشتبوونە ئەو دەرەنجامەى کمە ئایشمان کەسێکى ئاساییە. هەتا گوایە یەکێک لە پزیشکەکان هاواریکردووە “دۆخى لە دۆخى من ئاساییترە”.
بیرۆکەى تیۆریی ئارێنت ئەوەیە کە “خراپە” مەرج نیە هەمیشە دەرەنجامى شێتى و گرفتى دەروونى و لادانێکى نائەقڵانى بێت، بەڵکو دەکرێت بەجۆرێکى سیستەماتیک ڕێکبخرێت و کەسێکى دیاریکراویش هەست بە گوناهـ نەکات. بەڵام هاوکات ئارێنت باسى ئەوەش دەکات کە دادگاییەکە پتر نمایشى بووە، و پێشتر ئەنجامەکە یەکلاکراوەتەوە. تەفسیرى پێچەڵپێچى ناو کتێبەکە دەربارەى تاوان و خراپە، کۆمەڵێک بەدحاڵیبوونى خستنەوە کە بەشێک لە جوولەکەکان تەکفیرى هانا ئارێنت بکەن. ئارێنت دواتر چەندین ڕەخنەشى لە سیاسەتى جووەکان گرتبوو لەگەڵ فەلەستینییەکاندا. کتێبەکە، تا ئەمڕۆش لەناو کۆڕوکۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکاندا دەربارەى چەمکى “خراپە” و پەیوەندیی نێوان تاوان و بێتاوانى هەر دەخوێنرێتەوە.