وڵاتانی رۆژئاوا لەلایەک دژی ئاگر بەستی جەنگی غەزەن و هێرشەکانی ئیسرائیل بە مافی بەرگری کردن لە خۆ ناوزەند دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە داوای هاوکاری و فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەزە دەکەن، کە بەهۆی جەنگەکەوە لە دۆخێکی خراپی ژیاندان، لەو نێوەندەدا نە جەنگ رادەوەستێت و نە هاوکارییەکانیش پێداویستییەکانیان پڕ دەکاتەوە، لە ئەنجامیشدا خەڵکی غەزە زەرەمەندی یەکەمی شەرەکەن.
ماوەی نۆزدە رۆژە ئیسرائیل بەبەردەوامی کەرتی غەزە بۆردومان دەکات، کە بەهۆیەوە لانیکەم 7 هەزار کەس کوژراون، کە نیوەی زیاتری منداڵە، بەڵام ئەم ئامارە نەبۆتە هۆی ئەوەی ئاگربەست لە شارەکە ڕابگیرێت، بەڵکو هێشتا پشتگیری لەهێرشەکان دەکرێت و بەشێک لە وڵاتان ئاماژە بەوە دەکەن، ئاگر بەست تەنها سود بە حەماس دەگەیەنێت.
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەن ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:” راگەیاندنی ئاگر بەست لە ئێستادا تەنها لەبەرژەوەندی حەماسە”،بۆیە ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە ئاگر بەست چانس بە گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین دەدات خۆیان رێکبخەنەوە.
ئەمریکا بە تەنها دژی وەستانی ئاگر بەست نیە، بەڵکو هەریەک لە فەرەنسا و ژاپۆن و بەریتانیا دژی داوایەکی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەستانەوە،کە داوای ئاگر بەست و گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارەکان و ئازادکردنی بارمتەکانی دەکرد، بەڵام هەریەک لە چین و گابۆن و مۆزەمبیق و روسیا و ئیمارات لەگەڵ بریارەکەدا بوون.
هاوکات لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوای وەستانی جەنگ دەکەن، شا عەبدولڵای دووەم شای ئوردن لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە، کە وەستانی شەری غەزە پێداویستییەکی رەهایە و دەبێت جیهان بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت، هاوكات وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی وتی:” پێویستە بەپەلە جەنگ لە غەزە رابگیرێت، هەروەها گەمارۆ هەڵبگیرێت و ئاشتی راستەقینە دەستپێبکات”.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی، ئەمرۆ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا کە ئەنکەرە پێشکەشی کرد وتی:” هێرشەکانی ئیسرائیل لە مافی بەرگری کردن لەخۆ تێپەری کردووە، ئیسرائیل دەبێت چەند منداڵی دیکە بکوژێت تاوەکو جەنگ رابگرن”.
هاوکات ئەمیر عەبدول لەهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ، رایگەیاند” ئەوانەی دەیانەوێت جەنگەکە فراوان نەبێت، با فشار لە ئیسرائیل بکەن ئاگر بەست رابگەیەنێت”.