زووم:
سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست چەندین رێکاری گرتووەتە بەر، كە رێكارەكان هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکان بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، رێكارەكانی سوپای ئەمریكا لە ناوچەكە خۆی لە زیادکردنی جموجوڵە سەربازییەکان و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری دەبینێتەوە، ئەمە جگە لەوەی گەیشتن بە بنکە سەربازییەکان قورستر دەکرێت و فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ چەندین مەبەستی ئەمنی و هەواڵگری زیاتر بەکاردەهێنرێت.
ئەو بەرپرسانە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژە بەوەش دەکەن، خاڵەکانی چاودێری لە تاوەرەکانی پاسەوانی دامەزراوە سەربازییەکان پتەوتر دەکەن، هەروەها ڕێکار و ئۆپراسیۆنەکان زیاد دەکەن، بۆ ئەوەی بۆ رووبەرووبونەوەی هێرشی چاوەروانکراوی فرۆکەی بێفرۆکەوان و هێرشی موشەکی گروپەکان ببنەوە.
لەو بارەیەوە، مایکڵ ئیریک کوریلا فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان و هەوڵەکان بۆ هێرشکردنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا، پێداچوونەوە بە ڕێکارەکان دەکرێت، “چونکە پاراستنی هێزەکانمان کارێکی گرنگە”.
لەدوای جەنگی گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل و پاڵپشتی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا زیادی کردووە، لەو بارەیەوە ئەو بەرسانە ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە عیراق و سوریا دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکان، چوار سەربازی ئەمریکی بە سوکی بریندار بوون.
ئەو بەرپرسانە ئەوەش ئاشکرا دەکەن، ئەگەر هەستمان کرد هەرەشە لەسەر خێزانی ئەندامانی هێزەکانمان هەیە، ئەوە دەیانگوێزینەوە.
لەلایەكی تر بەرپرسێکی گەورەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندووە، دەبینین هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانمان لە هەڵکشاندان، “با راشکاو بین پێمان وایە رێگاکە دەچێتەوە بۆ ئێران”.
هەر لەسەر ئەگەری فراوان بوونی هێرشەکان، وەزیری بەرگری ئەمریکا فەرمانی دەرکردووە، کە سیستمی بەرگری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر بکرێت، لە ناویشیاندا سیستمی (پاد) جێگیر بکرێت.