زووم:
کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێف، ئاشکرایکرد ئەمسال ژمارەی پانەبەر و ئاوارەکان لەسەرانسەری جیهاندا 114 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش شکاندنی ژمارەی پێوانەییە و لە ساڵی 1975وە تۆمار نەکراوە.
کۆمسیۆنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی هۆکاری ئاوارەبوونی دانیشتوان رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئاوارە بوونی هاوڵاتیان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا بۆ رووداوەکانی ئۆکرانیا و سودان و کۆنگۆی دیموکرات و میانمار دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لەوەی رووداوە سروشتییەکانی وەک وشکەساڵی و زریان و دۆخی ئەمنی و قەیرانی درێژخایانی ئەفغانستان هۆکارێکی دیکەی ئاوارەبوونی دانیشتوان بووە.
فیلیۆ گراندی بەرپرسی کۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەیرانەکانی ئێستای جیهان دەڵێت: ئێستا جیهان گرنگی بە کارەساتی مرۆیی غەزە دەدات، ئەمەش قبوڵکراوە، بەڵام لە سەرانسەری جیهاندا چەندین ململانێی توند هەیە، کە ژیانی خەڵکی وێرانکردووە و ناچاری کردون ئاوارە ببن.
کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان داوای کاری پێکەوەیی دەکات “بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە بگیرێت”، هەروەها داواش دەکات “رێگا بە پەنابەران بدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، یان هەوڵبدرێت ژیانێکی نوێ دەست پێبکەنەوە”.
ئەم ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان رووداوەکانی جەنگی غەزە لەخۆ ناگرێت، کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە جەنگێکی خوێناوی لە نێوان گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل هەڵگیرساوە، کە بەپێی ئامارێکی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی(ئۆچا)، زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لەناوخۆی غەزە ئاوارە بوون.