زووم:
دەركەوتنێكی یائیر ناتانیاهۆ، كوڕی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كەناراوەكانی مەیامی ئەمریكا كاردانەوەی دروست كردووە.
سەربازانی یەدەگ زیاتر بابەتەکەیان وروژاندووە و دەڵێن، دەبوو ئێستا کوڕە گەورەکەی سەرۆکوەزیران لە پێشەوەی ئەو 300 هەزار سەربازە یەدەگەوە بووایە کە لەلایەن سوپاوە بۆ شەڕ دژی چەكدارانی فەڵەستین بانگهێشتکراونەتەوە.
ئەوان دەڵێن، کوڕەکەی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل هیچ گرنگی بەوە نادات لە وڵاتەكەی روودەدات و وەک گەشتیارێک لە ژیانێکی پڕ لە رەفاهییەتدا لە هاوینەهەواری میامی، لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکادا كاتەكانی بەسەر دەبات.
ژمارەیەک لەو سەربازانە قسەیان بۆ رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی كردووە، كە باس لەوە دەكەن، یائیری تەمەن ٣٢ ساڵ چۆن دەبێت لە گەشت و سەیران بێت، ئێمەش لە بەرەكانی شەڕ بین و ماڵ و منداڵمان بەجێهێشتبێت.
سەربازێک، کە بە هۆکاری ئەمنی داوای کردووە ناوی نەهێنرێت، قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووەو دەڵێت: ئەوەی لەو وێنانەدا، كە بڵاوكراونەتەوە دەردەكەوێت، یائیر لەگەڵ هاوڕێ ئەمریكییەكانی كات بەسەر دەبات، ئەو چەند مانگێکە چێژ لە ژیانی خۆی لە کەناراوەکانی میامی وەردەگرێت.
خۆبەخشێکی دیکە، کە بەهەمان شێوە ناوی ئاشکرا نەکردووە و سەرقاڵی ئامادەكاری بووە بۆ ئەوەی بچێتە بەرەی باشووری وڵات دەڵێت: لە سەرەتای شەڕ، لە ئەمریکاوە بە فڕۆکە گەڕامەوە، کە کار و خێزانم هەیە، چونکە هیچ ڕێگەیەک نییە لەوێ بمێنمەوە و وڵاتەکەم جێبهێڵم و گەلەکەم لەم کاتە هەستیارەدا تەنیا بكەم.
بەپێی یاسا خزمەتکردنی سەربازی بۆ زۆرینەی ئیسرائیلییەکان ناچارییە، کاتێک تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ، كە پێویستە پیاوان ٣٢ مانگ و ئافرەتانیش ٢٤ مانگ خزمەت بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، یائیر ناتانیاهۆ، كە ئێستا تەمەنی 32 ساڵە، خزمەتی سەربازی كردووە، بەڵام لە یەكەی وتەبێژی سوپادا كاری كردووەو هیچ كاتێك نەچووەتە بەرەكانی جەنگ وەك سەربازی شەڕكەر.
وەک لە میدیاکانی ئیسرائیلدا بڵاوکراوەتەوە ئائیر خەونی ئەوەیە لەبواری سیاسیدا ببێتە میراتگری باوكی، بەڵام زیاتر بە كەسایەتییەكی توندڕەو و مشتومڕاویی ناسراوە.