زووم:
لە 24 کاتژمێری رابردوودا، وەك ئەوەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، توانیویانە 660 سەربازی ئۆکرانی بکوژن و 3 فرۆکەی جەنگی و 44 فڕۆکەی بێفرۆکەوانیش تێکبشکێنن.
لە بەرامبەریشدا ئۆکراین دەڵێت، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 810 سەربازی رووسیایان کوشتووە و 18 فڕۆکەی بیفرۆکەوان و 12 زریپۆشیشیان تێکشکاندووە.
هەموو ئەم ئامارانە، كە پێشتر ناونیشانی سەرەکی میدیا جیهانییەكان بوون و بایەخێكی زۆریان پێدەدرا، بەڵام ئێستا بەهۆی چری جەنگی غەزەوە کەمتر دەبنە باسی گەرم و چاوەکان تاڕادەیەک لەسەر ئەم جەنگە درێژخایەنە لاچووە، كە نزیكەی دوو ساڵە بەردەوامی هەیە.
لە 7ی ئەم مانگەوە، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، گرنگیدانەکان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆیشتوون و کەمتر باس لە جەنگی ئۆکراین و رووسیا دەکرێت.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەگەر درێژە بکێشێت، ئەوا هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئۆکراین سنورداردەبێت، ئەمەش وای لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین کردووە، داوا لە وڵاتانی ناتۆ بکات لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکراین پاشەکشە نەکەن.
زیلینسکی هۆشداریداوە بەوەی رووسیا دەیەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆی سود لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و شەڕی غەزە وەربگرێت.
لەبەرانبەر ئەو ترسەشدا، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا هەر زوو دڵنیاییدا، وڵاتەکەی لە توانایدایە مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئاڵۆزییەکانی غەزە و بەردەوامی جەنگی ئۆکراینش بكات، لەو بارەیەشەوە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆری (سی بی ئێس) بایدن گوتی: لە تواناماندایە بەو کارە هەستین، پێویستە لەسەرمان پابەند بین، ئەگەر ئێمە ئەو کارە نەکەین، کێ ئەنجامی بدات؟
لەبارەی هۆشدارییەكان و كەمبوونەوەی سەرنجەكان لەسەر شەڕی ئۆکراین، رۆدرێچ کیزفیتەر شارەزا لە کاروباری بەرگری و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین کەمیکردووە، هەروەها دەنگەکانیش بۆ ئاشتی و رازیبوون بە مەرجەکانی مۆسکۆ روو لە هەڵکشانە.
هەرچی پەیوەست بە رووسیاشە، ئەم دۆخە لە دوولاوە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەیە، لەلایەک هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین کەمدەبێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دەتوانێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە و بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون و کوژرانی ژنان و منداڵان، رەخنەی توند لە رۆژئاوا بگرێت.