زووم
حەڤدە رۆژە سوپای ئیسرائیل بە توندی شاری غەزە بۆردومان دەکات، جگە لە بۆردومانەكان گەمارۆیەكی توندیشی خستووەتە سەر شارەكە، بەمەش سەرباری نەمانی پێداویستییەکانی رۆژانە نەخۆشخانەکان کەمترین پێداویستی چارەسەر و نەشتەرگەرییان تێدا ماوە.
دۆخی نەخۆشخانەكانی فەڵەستین ئێستا گەیشتووە بە ئاستێك ، تەنانەت نەشتەرگەری بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە بەبێ بەنج ئەنجام دەدرێت و سرکەش بۆ پاک کردنەوە برین بەكاردێت، ئەوەش لەجێگەی ماددە پاككەرەوە پزیشكییەكان.
محەمەد ئەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی فەلەستین لە تورکیا، بەشَیک لەو کەموکورتییانە رووندەکاتەوە، کە بەسەر کەرتی تەندروستی شارەکەدا هاتووە و دەڵێت: بەهۆی کێشەی وزەوە نەخۆشخانەکان ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، بەشێکیان داخراون و بەشێکی دیکەشیان بۆردومان کراون”،
ئەو پزیشکە دەیەوێت پەیوەندی بەکەسوکارەکەیەوە بکات، بەڵام بەهۆی نەمانی تۆرەکانی پەیوەندی ناتوانێت پەیوەندی بکات و لە سەلامەتی کەسوکاری دڵنیا بێت، لەو بارەیەوە دەڵیت کارەبا و ئینتەرنێت نەماوە، ژیانێکی ئاسایی لەوێ بوونی نییە، چونکە هەمووان لەژێر بۆردوماندان.
لەهەر ساتێکدا ئەگەری کوژران هەیە
محەمەد ئەمین دەڵێت: دانیشتوانی غەزە پێش خەوتن دووجار شەهادە دێنن، منداڵەکانیشیان دەیڵێنەوە، چونکە لە هەر ساتێکدا ئەگەر بۆردومان و کوژران هەیە”، دووپاتیشی دەکاتەوە خەڵکی غەزە دەیانەوێت لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و نەیانەوێت ئاوارە ببن، ئەوەش پەیامێکە دەیانەوێت بە جیهانی بگەیەنن.
دەربارەی دۆخی کەرتی تەندروستیش ئەو پزیشکە دەڵێت: ژمارەیەکی زۆری نەخۆش و بریندار هەیە، کە نەخۆشخانەکان ناتوانن بەرگەی ئەو ژمارە زۆرە بگرن، هەروەها پزیشکەکانیش بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان پەنا بۆ ڕێگا سەرەتاییەکان دەبەن، چونکە پێداویستییە پزیشکیەکان تەواوبوون.
دەشڵێت: وەک بینیمان نەخۆشخانەکان بۆردومان دەکرێن، تاو ئێستا 5 نەخۆشخانە بۆردومان کراون.
ئەو باس لەوەش دەكات، ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی کەرتی تەندروستی بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون، هەموو پزیشک و کارمەندێکیش کەسانێکی خێزانەکەیان لەدەستداوە، ئاشکراشیكرد، کەرتی غەزە ماوەی چەندین ساڵە گەمارۆی خراوەتە سەر، بۆیە حکومەت ناتوانێت بەرگەی ئەو جەنگە بگرێت.
ئەو پزیشکە روونیكردووەتەوە، کارمەندانی نەخۆشخانەکان سرکە بۆ پاک کردنەوە بەکار دەهێنن و دروینەوەش بەبێ بەنج دەكەن، هەروەها دەشڵێت:” هەواڵمان پێگەیشتووە، کە قاچی بریندارێک بەبێ بەنج بڕدراوەتەوە، ئەم دۆخە بەسەر منداڵانیشدا دێت، بۆیە لەو کاتەدا بە منداڵەکان دەڵین ئێوە پاڵەوانن، دەبێت بەرگە بگرن.