زووم
لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندین گرتە ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا دەردەكەوێت منداڵانی کەرتی غەزە لە فەڵەستیتن ناوی خۆیان لەسەر دەست و جەستەیان دەنووسن.
ئەو منداڵانە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل و ئەگەری گیانلەدەستدانیان لە هەر كاتێك، بۆیە ناوی خۆیان لەسەر دەست و جەستەیان دەنووسن، تا لەكاتی گیانلەدەستدانیان تەرمەكانیان بە ناوەكانیان بناسرێتەوە.
منداڵانی غەزە بەهۆی ئەوەی قوربانی یەكەمی بۆردومانەكانن، بۆیە چەند رۆژێكە ئەم رێگەیان گرتووەتە بەرو ئەم دیاردەیەش زۆر پەرەی سەندووە.
گرتە ڤیدیۆیەك، كە لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەزە تۆمار کراوە، منداڵێک دەردەکەوێت، لەسەر دەستی دەنووسن (نهاد فادی)، منداڵانی دیکەش ناوی (یەحیا و مالک و چەندین ناوی دیکە) لەسەردەستیان دەنووسن.
ئەحمەد مێردمنداڵێكی دانیشتووی غەزەیە، لەو بارەوە دەڵێت: رۆژانە کوژراوێکی زۆر دێن و ناناسرێنەوە، بۆیە ئێمەش ناوی خۆمان لەسەر دەستمان دەنووسین، چونکە ئەگەر بکوژرێن، هیچ کەس ناماناسێتەوە، “منیش ناوی خۆم لەسەر دەستم نووسیوە بۆ ناسینەوەم”.
بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، دیاردەی نووسینی ناو لەسەر دەست و جەستە ئێستا لە فەلەستین زۆر بەربڵاوە و تاکە رێگای ناسینەوەی تەرمەکانە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەكە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 177 منداڵ لە غەزە کوژراون، بەمەش ژمارەی منداڵانی کوژراو بۆ 1756 منداڵ بەرزبووەوە.
لە 7ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەزە دەستپێكردووە، كە بەپێی دواین ئاماریش ئێستا لە کەرتی غەزە 4 هەزار و 385 کەس کوژراون و 13 هەزار و 561 کەسی دیکەش برینداربوون.