رۆژی 15ی ئەم مانگە، ئێران لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا هۆشدارییەکی توند و ئاشکرای دایە دوژمنە لەمێژینەکەی کە ئیسرائیلە و گوتی، “هێرشەکەی سەر غەزە بوەستێنە، ئەگەرنا ناچار دەبین بجوڵێین.”
دوای چەند کاتژمێرێک، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆنی لێدوانە توندەکەی نەرمتر کرد و دڵنیایی بە جیهان دا سوپای ئێران داغڵی شەڕەکە نابێت مەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئێران.
ئێران کە پشتیوان و هاوپەیمانێکی لەمێژینەی حەماسی دەسەڵاتداری غەزەیە، کەوتووەتە ناو گێژاو و تەنگەژەیەکی قوڵەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدات، ئەوەش بەپێی قسەی نۆ بەرپرسی ئێرانی بۆ رۆیتەرز کە لە نزیکەوە ئاگاداری بیرکردنەوە و بڕیارەکانی حکومەت و دەسەڵاتی تارانن.
مانەوەی ئێران لە پەراوێزدا دژی لەشکرکێشییە سەرتاسەرییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، کاریگەریی نەرێنیی بەرچاوی دەبێت بۆسەر ستراتیژی ئەو وڵاتە بۆ فراوانخوازی و سەپاندنی هەژمونەکانی لە ناوچەکە کە زیاتر لە چوار دەیەیە بە چڕی کاری بۆ دەکات، ئەوەش بە گوتەی ئەو کەسانە کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە داوایان کردووە ناویان نەهێنرێت.
ئەو بەرپرسانە کە پۆستی سەربازی و دیبلۆماسی و ناوخۆیی جۆراوجۆریان لە ئێراندا هەیە بە رۆیتەرزیان گوتووە، هەر هێرشێکی گەورەی ئێران دژی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بە زیانێکی گەورە بۆسەر ئێران دەشکێتەوە و ئەوەندەی دیکە توڕەیی جەماوەر دژی دەسەڵاتی مەلایی زیاتر دەکات بە تایبەت کە لە قەیرانی ئابوریدا نقوم بووە.
سێ بەرپرسی ئەمنیی ئێرانی بە ئاژانسەکەیان گوتووە، ڕای زاڵ لەناو بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی باڵای ئێرانیدا ئەوەیە کە لە ئێستادا تەنها هانی چەند هێرشێکی سنورداری حزبوڵای لوبنانی بدەن دژی ئیسرائیل لە باشوری لوبنانەوە، هەروەها چەند هێرشێکی بچوک و سوکی سنوداریش لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانی دیکەوە بۆسەر چەند ئامانجێکی ئەمریکی، و رێگری بکرێت لە هەر پێکدادانێکی توند و گەورە کە ئێران ناچار بکات بچێتە ناو شەڕەکەوە.
بە گوێرەی میدیای حکومەتی ئێران، وەحید جەلال زادە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران گوتی، “ئێمە لەگەڵ دۆستانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبوڵای لوبنان لە پەیوەندیداین، هەڵوێستی ئەوان ئەوەیە کە چاوەڕێی ئەوە لە ئێران ناکەن ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات”.
رۆیتەرز لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی داواکاری ئاژانسەکەی بۆ لێدوان لەسەر ئەو بابەتە نەداوەتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش رەتیانکردووەتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن.
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، لەدەستدانی ئەو دەسەڵاتەی کە سێ دەیەیە بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەزە بنیادیان ناوە، گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ پلانی ئێران لە دروستکردنی تۆڕێکی گروپی چەکداری بریکار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گورزێکیشە بۆ حزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکانیش لە یەمەن.
نەبوونی هەنگاوی کرداریی ئێرانییەکان لە گۆڕەپانەکەدا وەک نیشانەیەکی لاوازی دەخوێنرێتەوە لەلایەن هێزە بریکارەکانییەوە کە چەندین دەیەیە بە چەک و تەقەمەنی و پارە کۆمەکییان دەکات، هەروەها دەبێتە روشانێکی گەورەش بۆسەر هەڵوێستی ئێران کە چەندین ساڵە خۆی وەک کردووتە پاڵەوانی پرسی فەلەستین و بە هیچ شێوەیەک دان بە ئیسرائیلدا نانێت و هەمیشە بە شەیتانی داگیرکەر ناوی بردووە، ئەو سێ بەرپرسە ئەمنییە وایان بە رۆیتەرز گوتووە.
هاوکات ئەڤی مەلەمەد، بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل و دانوستانکار لە کاتی راپەڕینی یەکەم و دووەمی فەلەستیینەکان بە رۆیتەرزی گوتووە، ئێرانییەکان ڕووبەڕووی دووڕیانێکی قوڵ دەبنەوە کە ئاخۆ هەوڵی رزگارکردنی یەکێک لە باڵەکانی خۆی لە غەزە دەدات و حزبوڵا رەوانەی شەڕەکە دەکات، یاخود واز لەو باڵەی بهێنێت و دەستبەرداری ببێت.”
ئەوپەری کاری لەپێشینە بۆ مانەوەیە!
ئامانج و ستراتیژی ئێران پێویستی بە بڕیاری خێرا هەیە چونکە ئیسرائیل، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی 7ی مانگی حەماس، بەردەوامە لە هێرشە چڕە ئاسمانییەکەی بۆسەر غەزە و تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 500 فەلەستینی کوشتووە.
ئیسرائیل دەسەڵاتێکی بەهێزی سەربازی هەیە و خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و پشتیوانێکی بەهێزی ئەمریکای هەیە، بەشێوەیەک دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری بۆ جوڵاندووە و فڕۆکە جەنگییەکانیشی بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە کە بەشێکی بۆ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانە بە ئێران.
بەرپرسێکی دیبلۆماسیی ئێرانی بە رۆیتەرزی گوتووە، “کار و غەمی هەر لە پێشینەی بەرپرسانی باڵای ئێران، بە تایبەت عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بریتییە لە پاراستن و مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”
دەشڵێت، “هەربۆیە بەرپرسانی ئێران سەرباری بەکارهێنانی زمان و دروشمی توند دژی ئیسرائیل، بەڵام خۆیان بەدورگرتووە لە روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ و تێوەگلانیان لە شەڕەکە، بەلایەنی کەمەوە لە ئێستادا.”
هەر لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە، حزبوڵا بە درێژایی سنوری لوبنان، تەقەی لە سوپای ئیسرائیل کردووە و چەند روبەڕوبوونەوەیەکی سنوردار روویاداوە، دوو سەرچاوەی نزیک لە حزبوڵا بە رۆیتەرزیان گوتووە کە تەقوتۆقی سنورداری حزبوڵا تەنها بۆ سەرقاڵکردنی بەشێک لە سوپای ئیسرائیلە لە بەرەی باشوری لوبنان و هیچ تر.
تەنانەت حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حزبوڵا کە بەوە ناسراوە لە وتارەکانیدا هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا هیچ لێدوان و دەرکەوتنێکی گشتیی نەبووە.
هاوکات سێ سەرچاوەی باڵای ئەمنی ئیسرائیل و سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕۆژئاوا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران ڕووبدات، هەرچەندە ئێرانییەکان مەشق و ڕاهێنانیان بە حەماس کردووە و چەکیان پێداون، بەڵام هیچ ئاماژە و بەڵگەیەک نییە کە پێشتر زانیارییان لەسەر هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس هەبووبێت.
هەروەها عەلی خامنەیی هەر زوو رەتیکردەوە ئێران دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت، هەرچەندە ستایشی ئەو زیانانەی کرد کە بە ئیسرائیل گەیشتووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دەشڵێن، ئیسرائیل تەنیا کاتێک هێرش دەکاتە سەر ئێران ئەگەر ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپاکەیەوە لە ئێرانەوە هێرش بکرێتە سەری، هەرچەندە هۆشداریشیان داوە کە ئەگەر حزبوڵا و هێزە بریکارەکانی دیکەی ئێران هێرشی قورس و پڕزیان بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەوە بابەتەکە دەگۆڕێت و دۆخەکە شتێکی دیکە دەبێت.
یەکێک لە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسی لەوەشکرد کە حیساباتی هەڵەی ئێران یان یەکێک لە گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورە بۆسەر ئیسرائیل، بۆچوونی ئیسرائیل دەگۆڕێت.
هیچ سەربازێکی ئەمریکی بەشداری ناکات!
بەرپرسانی ئەمریکی ئەوەیان روونکردووەتەوە کە ئامانجیان رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی شەڕەکە و فراوانبوونی بەرەکە و روونەدانی هەر هێرشێکە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام هەموو بژاردەکانیش بەردەستن.
هەفتەی پێشوو لە گەڕانەوەیدا لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ڕاپۆرتێکی دەزگا میدیاییەکانی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە کە گوایە یاریدەدەرەکانی بایدن بە بەرپرسانی ئیسرائیلیان گوتووە ئەگەر حزبوڵا دەستپێشخەری شەڕ بکات، ئەوا سوپای ئەمریکا هاوشانی سوپای ئیسرائیل بەشداری شەڕەکە دەکات.
بایدن لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاینی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەوە ڕاست نییە! شتی وا نەگوتراوە!
هەروەها جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت ململانێکان کۆنتڕۆڵ بکات و گوتی، “هیچ نیازێک نییە سەربازی ئەمریکی لەسەر زەوی شەڕ بکات”.
جۆن ئاڵتەرمان، بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا سەرۆکایەتی بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی CSIS لە واشنتۆن بە رۆیتەرزی گوتووە، سەرکردەکانی ئێران هەست بە فشارێکی زۆر دەکەن بۆ نیشاندانی پشتیوانی بەرجەستە و کرداری بۆ حەماس نەک تەنها قسەکردن و گوتار، بەڵام هۆشداریان پێدراوە کە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت ئەگەر هەنگاوێک بنێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک داغڵی ئەم دۆخە دەبیت، هەندێک شت روودەدەن و چەند دەرئەنجامێکیشی بەدەستدێت کە هیچ کەسێک نایەوێت و ئاواتی بۆ ناخوازێت.”
نە غەزە و نە لوبنان
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پێشوو کە لە بڕیاردەرانی باڵای ئێرانییەوە نزیکە، ئاشتەوایی نێوان ڕکابەرە دێرینەکان، ئێران و سعودیە، بە نێوەندگیری چین، بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران چونکە نایانەوێت ئەم پرۆسە ناسک و نوێیەی ئاشتبوونەوە بخەنە مەترسییەوە.
بەپێی قسەی دوو سەرچاوەی باڵا، لەم نێوەندەدا گەلی ئێرانیش خۆیان دەتوانن رۆڵی گرنگ بگێڕن لە ڕووداوەکاندا، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ناتوانن خۆیان لە شەڕێکی قورس بگلێنن لەکاتێکدا لە ناوخۆدا دەنگێکی زۆری ناڕازی هەیە و خەڵکەکەی بە دەست قەیرانێکی قوڵی ئابورییەوە دەناڵێنێت، بۆ نمونەی ئەوەی بۆ کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ روویدا لە یەکێک لە زیندانەکانی تاران و بووەهۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانێکی چڕی سەرتاسەری کە چەندین مانگی خایاند.
قەیرانی قوڵی ئابوری بەهۆی سزا ئابورییەکانی ئەمریکاوە روبەڕوی رەخنەی توندی هاوڵاتیانی ئێرانی بووەتەوە کە ساڵانێکی زۆرە هێزە بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارەدار و چەکدار دەکات.
هەربۆیە دروشمی “نە غەزە و نە لوبنان، من گیانم لە پێناو ئێراندا بەخت دەکەم” ساڵانێکە بووەتە دروشمێکی دیاری ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و جەخت لەسەر بێزاری خەڵک دەکاتەوە لە پارەدارکردن و چەکدارکردنی ئەو گروپانە بە پارەی خەڵک و گەلی ئێرانی.
ئەو بەرپرسە باڵای پێشووی ئێران دەشڵێت، “بۆیە حکومەتی ئێران دەبێت هاوسەنگیی بپارێزێت لەنێوان بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی و سەقامگیری ناوخۆییدا.”