زووم:
ڕۆژی شەممە، هێرسی هالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە فەرماندەکانی لیوای “جۆلانی” ڕاگەیاند، دەچینە ناو کەرتی غەزەوە، ئەوەش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی فەڵەستینی لە كەرتەكە.
هالێڤی بە پەیامێك خواستی سوپای وڵاتەكەی بۆ هێرشی زەمینی سەر غەزە پشتراستكردووەتەوەو لە پەیامەكەشدا جەختیكردووەتەوە، “دۆخی غەزە ئاڵۆزە، غەزە قەرەباڵغە، دوژمن لەوێ زۆر ئامادەكاری كردووە، بەڵام ئێمەش ئامادەکاری بۆ ئەو دەکەین، ئێمە لە مانۆڕی زەمینیدا هەموو تواناکانی ئیسرائیل لەگەڵمانن، بۆیە بوێربن لەم بیرکردنەوەدا”.
هەروەها لە پەیامەكەیدا داوای لە فەرماندەی لیواكە كردووە، “ئیرادە و هەستێکی ئەوپەڕی متمانە بە سەربازەکانت بگەیەنن، ئەم ڕۆحە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، من زۆر متمانەم بە ئێوە هەیە، زۆر شانازیتان پێوە دەکەم، ئەمە شانازییە و ئەمەش هێزە ئەم هێزەش سەردەکەویت”.
لیوای جۆلانی
بە لیوای ژمارە یەک لە ئیسرائیل ناسراوە.
لیوایەکی پیادەیە لەناو سوپای ئیسرائیلدا، یەکێکە لەو لیوایانەی پێیان دەوترێت “تایبەت”
لە ٢٢ی شوباتی ١٩٤٨ دامەزراوە، کاتێک لیوای گیڤاتی دابەش بووە، ئەم بووە بە یەکێک لە گرنگترین و بەهێزترین لیواکان لە ئیسرائیل.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی فشاری ڕانەگەیەندراوی ئەمریکی و ئەوروپا دەبێتەوە بۆ دواخستنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە، بەو هیوایەی ڕێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان بكرێت.
دووشەممەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، کە ژمارەی بارمتەکانی دەست حەماس لە کەرتی غەزە گەیشتووەتە 199 کەس، هاوکات سەرکردایەتی حەماسیش ڕایگەیاند، ژمارەی دیلەکان لە نێوان “200 بۆ 250” کەسدایە.