زووم:
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ڕێگە نادەین نەهامەتی فەڵەستینییەکان ئاوا بەردەوام بێت، نە بۆ فەڵەستین و نە بۆ هیچ کەسی دیکە چاومان لەو تاوانانە داناپۆشین.
هاكان فیدان وەك هۆشدارییەك لەبارەی بەردەوامی شەڕەكان راشیگەیاند، ئەگەر ئەو جەنگە بەردەوام بێت، پەرە دەستێنێت بۆ ململانییەکی هەرێمی و هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و ئاشتی هەموو جیهان دەکات.
ئەو قسانەی هاكان فیدان لەمیانی وتارێك بوو، كە لە “لووتکەی ئاشتی قاهیرە”، کە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە رێكخرابوو پێشكەشی كرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش كرد، ئیسرائیل دوو ملیۆن مرۆڤی بەند کردووە و ڕێگەی ژیانی وەک مرۆڤیان پێنادات، بۆیە جەختدەكەینەوە، ڕێگە نادەین نەهامەتی فەڵەستینییەکان ئاوا بەردەوام بێت.
هاکان فیدان لەبارەی بەردەوامی پێکدادانی ئیسرائیل و فەڵەستین، رایگەیاند، پێویستە میکانیزمێکی نوێ بۆ دڵنیاکەرەوەیی بخرێتە ڕوو، هەنگاوەکانی هەردوولا بۆ ئاشتییەکەی دادپەروەرانە دەبێت گەرەنتی بکرێت.