زووم:
عەبدولفتاح سیسی سەرۆكی میسر بانگهێشتنامەی ئاراستەی سەركردەكانی جیهان كردووە، بۆ ئەوەی رۆژی شەممە، لە قاهیرەی پایتەختی میسر كۆبوونەوەیەكی لوتكەی نێودەوڵەتی بۆ كۆتایی هاتنی جەنگی فەلەستنی و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.
میسر بە فەرمی بانگهێشتنامەی ئاراستەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانی پەیوەست بە فەلەستین كردووە، لەوانە ئەمریكا، چین، روسیا، یەكێتی ئەوروپا، توركیا و ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی، هەروەها سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی لەنێو بانگهێشتكراوەكانن.
هەرچی پەیوەست بە تەوەری لوتكەكەشە، بریتین لە وەستانی دەستبەجێی جەنگ، رێگادان بە كردنەوەی رێرەو بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بە كەرتی غەزە و لەبەرامبەریشدا هاوڵاتیانی بیانی لەشارەكە دەربچن، رێكەوتن لەسەر چوارچێوەیەكی گشتی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرۆسەی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل چالاك بكرێتەوە، لەگەڵ رێگادان بە وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری فریاكەوتن و بەپەلە پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن.
ئەم بەندانە هێشتا هەمووان كۆك نیین لەسەری و واشنتن و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا ڤیتۆیان لەسەر وەستانی جەنگ هەیە، چونكە پێیان وایە، لەمپەر بۆ ئیسرائیل دروست دەكات بەوەی بەرگری لەخۆی بكات، بۆیە دەستكاریكردنی تەوەرەكان، یان دواخستنی لوتكەكە بە ئەگەرێكی كراوە ماوەتەوە.
سازدانی لوتكە نێودەوڵەتییەكەی قاهیرە لەكاتێكدایە، كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممەی ئوردن بەهۆی هێرشی سەر نەخۆشخانەیەكی غەزە هەڵوەشایەوە، هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی ڤیتۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نەیتوانی بڕیار لەسەر كۆتایی جەنگ بدات، بۆیە ئەم كۆبوونەوەیەش لەمپەری زۆری لەبەردەمدایە، ئەگەر بتوانێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات، ئەوە سەركەوتنێكی مێژوویی دەبێت بۆ میسر.