زووم:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە میسر مشتومڕ سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە، ناوی نیمچە دوورگەی سینا لە نەخشەی وێبگەڕی گووگڵدا سڕاوەتەوە.
ئەو مشتومڕە هاوكاتە لەگەڵ ئەو پێشنیازەی، كە گوایە باس لەوە كراوە، دانیشتوانی كەرتی غەزە لە فەڵەستین بگوازرێنەوە بۆ میسرو لە نیمچە دورگەی سینا جێگیریان بكەن.
ئەو مشتومڕانەی لەو بارەشەوە باس دەكرێت زۆرینەیان بەو ئاراستەیە، كە پەیوەندی بە پلانی ئاوارەبوونی دانیشتوانی کەرتی غەزە بۆ نیمچە دوورگەی سینا هەیە.
ڕاوێژکاری تەکنەلۆژیای زانیاری و گۆڕینی دیجیتاڵی، ئیسلام غانم، لەو بارەوە روونیكردووەتەوە، گووگڵ سیاسەتی ڕەزامەندی پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی هیچ گەلێک لە سەرانسەری جیهان توڕە نەکات.
سەبارەت بە دۆخی سینا، غانم بۆ سکای نیوزعەرەبی وتی: پرەنسیپی ئەسڵی لە نەخشەی گووگڵدا دانانی ناوی شارەکانە نەک ناوی کەرتە گەورەکان، بۆ نموونە باكووری میسر لەسەر نەخشە نادۆزینەوە، بەڵام ناوی میسر بە گشتی هەیە.
هەروەها وتی: ئەگەر بچیتە سەر نەخشەی میسر، بۆ نموونە، پایتەختەکە دەدۆزیتەوە، ئەگەر زووم بکەیت، شارەکانی ئەو وڵاتەت پیشان دەدات، بەڵام گووگڵ لە نەخشەکانیدا ناوی قایمقامیەت و کەرتەکان نانوسێت و زۆرجار تەنیا ناوی شارەکان دەنووسێت.
ئەو باسی لەوەش كردووە، گووگڵ ناوی نیمچە دورگەی سینای لە نەخشەکانیدا لانەبردووە، ئەوەتا بە گەڕانێكی كەم ناوی ناوەندی پارێزگاری باکووری سینا ، کە ئەلعەریش دەدۆزینەوە، لەگەڵ ناوی ئەلتوریش، كە ناوەندی پارێزگای سینای باشوورە.