به‌به‌شداریی 197 وڵاتی جیهان، بیست‌و حهوتهمین كۆنگره‌ی لوتكه‌ی كه‌شوهه‌وا له شەرمشێخی میسر ده‌ستی به‌كاره‌كانی کردووە و ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت.
چاوەڕێدەکرێت لە لوتکەکەدا چه‌ندین پێشنیارز و پڕۆژه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ژینگه تاووتوێ بکرێن. نزیکەی سێ هه‌زار رۆژنامەنووس و میدیاكاری نێوده‌وڵه‌تی چوونەتە میسر بۆ روماڵی کۆنگرەکە.
لوتكه‌ی كه‌شوهه‌وا لە میسر به‌یه‌كێك له رووداوه گرنگه‌كانی ئه‌مڕۆی جیهان دادەنرێت، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا کە هۆشداریی له پیسبوونی ژینگه‌ی زه‌وی دهدرێتو تادێت مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ژینگه‌ش زیاتر ده‌بن، جگەلەوەش جیهان له‌لێواری جه‌نگێكی قورس‌و گه‌وره‌دایه‌و ئه‌گه‌ری گه‌وره‌بوونی جه‌نگه‌كه بۆ جه‌نگی جیهانی له‌ئارادایه، زلهێزه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمیی كاولكارو زیانبه‌خش ده‌كه‌ن، ئەمەش زیانی گه‌وره‌تر به‌ژینگه دەگەیەنێت.
لوتکەی شەرمشێخ به‌درێژكراوه‌ی لوتكه‌ی گلاسكۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، داوا له‌وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند دەکرێت هاوكاری سندوقی ژینگه‌ی جیهانی بكه‌ن، ئەمەش له‌پێناو چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی قه‌یرانی كه‌شوهه‌واو ژینگه.
جگەلەوەش به‌ووردی هه‌ڵسه‌نگاندن دەکرێت بۆ راسپارده‌و په‌یماننامه‌کانی پێشووی پاریس‌و كوپنهاگنو گلاسكۆ.
بەگوتەی به‌رپرسانی باڵای ئه‌وروپا، بڕیاره بڕی 100 ملیار دۆلار وه‌ك هاوكاریی دارایی دابینبکرێت، ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیە کەمە بەراورد بەو دۆخە سەختەی جیهان روبەڕوی بوەتەوە.
بەگوێرەی کارنامەی لوتکەی شەرمشێخ، جەختدەکرێتەوە لەسەر هاوکاریکردنی وڵاتانی هەژار لە ئەفریقیا و کیشوەرەکانی دیکە. پێویسته له‌سه‌ر ته‌واوی حكومهتهكانو كۆمه‌ڵگه مهدهنیهكانو كه‌رته جیاوازه‌كان، مامه‌ڵه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌ساره‌ی زه‌وی بگۆڕن، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی داهێنانی زانستی نوێ كه یارمه‌تیده‌ر بن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی سه‌ر ژینگه. به‌تایبه‌ت كه له‌ئێستادا قوربانیه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌و كه‌شوهه‌وا له ئاستێكی مه‌ترسیداردایه، ئاگرکەوتنەوە بوەتە دیاردە، زریان‌و لافاو و وشكه ساڵی بەرۆکی جیهانی گرتووە.
تەوەری یەکەمی گفتوگۆكانی لوتکەکە تایبەت دەبێت بە مەترسییەکانی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما، بەشداربووان بیر لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکەنەوە.
قه‌یرانه‌كانی جه‌نگی ئۆكراینو ده‌رهاویشته نهرێنیهكانی له‌سه‌ر ژینگه‌و كه‌شوهه‌وا هه‌روه‌ها په‌تای کۆرۆنا ته‌وه‌رێكی دیکەی گفتوگۆی سه‌ركرده‌كانی جیهان ده‌بێت.
ته‌وه‌رێكی دیکەی لوتكه‌ی شه‌رم شێخ، بریتی دەبێت لهڕووماڵكردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ڕووداوه سروشتیهكانو زریان‌و لافاو كه‌چه‌ندین وڵاتی له ئاسیا‌و ئه‌مه‌ریكا ڕاماڵیوهو بەو هۆیەشەوە هه‌زاران كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سی تریش به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته سروشتیانه‌وه ئاواربوونو له‌دۆخێكی سهختو قورس‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.
هه‌روه‌ك له‌كیشوه‌ری ئه‌فه‌ریقاش به‌هۆی ووشكه ساڵیه‌وه قات‌و قڕی‌و برسێتی و نهخۆشیو په‌تای جۆراو جۆر بڵاوبووه‌ته‌وه‌و هه‌زاران كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌ڕای چاودێران‌و پسپۆڕانی بواری ژینگه‌یی پێویسته وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌تیش زلهێزه‌كان مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ژینگه به‌هه‌ند وه‌ربگرن، نه‌ك به‌ته‌نها له‌ڕێی دروشم‌و ناونیشانه‌وه به‌ڵكو ده‌بێت به‌كرده‌یی كار له‌سه‌ر مهترسیو هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كهشو هه‌وا بكه‌ن.