زووم:
پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ئەمساڵی ساخارۆڤی تایبەت بە ئازادی بیرکردنەوە بەخشییە ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” لە ئێران.
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لەدوای راگەیاندنی ناوی ژینا ئەمینی و جوڵانەوەی “ژن ژیان ئازادی” وەک براوە گوتی، پەرلەمانی ئەوروپا بە شانازییەوە پشتگیری ئەو ئازایەتی و بوێرییە دەکات، کە خەباتیان بۆ یەکسانی و کەرامەت و ئازادی لە ئێراندا کردووە. ئێمە پشتگیری ئەو کەسانەین کە تەنانەت لە زیندانیشەوە بەردەوام بوون لە زیندووڕاگرتنی ژن و ژیان و ئازادی.”
دەشڵێت، “ئەم خەڵاتە مانای ئەوەیە، کە ئێمە خەباتی ئەوان لەبیرناکەین و بەردەوام دەبین لە ڕێزلێنان لە هەموو ئەو کەسانەی کە باجی زۆریان داوە بۆ ئازادی.ʺ
ژینا ئەمینی کچێکی 22ی ساڵی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لە سەردانێکی بۆ تاران و بە تۆمەتی نەپۆشینی جلی رەچاوکراو بەپێی یاسا، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیرکرا، دوای ئەوەی لە زینداندا روبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوویەوە، رەوانەی نەخۆشخانە کراو و دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستدا.
مردنی ژینا خۆپیشاندانێکی گەورەی لە تەواوی شارەکانی رۆژهەڵات و ئێران دروستکرد لەژێر دروشمی “ژن ژیان ئازادی”، بەهۆی فشارەکانیشەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەرکی پۆلیسی ئەخلاقیان هەڵوەشاندەوە، بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون بۆ ماوەی 10 مانگ، ئەوەبوو بەرپرسانی تاران بە هێز و زەبر و زەنگ و دوای کوژرانی زیاتر لە 500 کەس و دەستگیرکردنی هەزارانی دیکە، خۆپیشاندانەکە کپکرایەوە.
خەڵاتی ساخارۆڤ لە ساڵی 1988ـەوە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە دەدرێت بەو کەس و لایەنانەی کە بەرگرییان لە مافی مرۆڤ و ئازادی کردووە و لەو پێناوەدا باجی گەورەیان داوە، خەڵاتەکە بەناوی فیزیازان و سیاسەتمەداری یەکێتی ناڕازی سۆڤیەت ئەندرێ ساخارۆڤ ناونراوە و بڕی خەڵاتەکەش 50 هەزار یۆرۆیە و رۆژی 13ی کانونی یەکەمی داهاتوو لە فەڕەنسا دەبەخشرێت بە کەسانی براوە.
ژینا چوارەم ژنە، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، پێشتر و لە ساڵی 1995دا، لەیلا زانا، سیاسەتمەداری باکوری کوردستان، کە ئەو کات لە زیندان بوو خەڵاتەکەی وەرگرت، نادیە موراد و لەمیا حەجی، کە دوو کچی ئێزدی بوون لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان وەرگرت.