محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی “وەستانی جەنگ لە غەزە و کاری لە پێشینەی عێراق” تیایدا سودانی جەختیکردووەتەوە کە عێراق بە تەواوی ئەوە رەتدەکاتەوە کە دۆزی فەڵەستین لە بابەتی خاک و خەڵکەوە بگۆڕێت بۆ بابەتی ئاوارەیی و هاوکاریی مرۆیی، بەڵکو بەغداد پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەرخۆی فەڵەستین دەکات و قودس پایتەختەکەی بێت.
دەقی وتارەكە
“جارێکی دیکە هەڵوێستی ئاشکرا و نەگۆڕی خۆمان بۆ جیهان دووپاتدەکەینەوە، کە فەڵەستینییەکان مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و قودس پایتەخی بێت”..
ئەمە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقە، مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە بەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا جەختمان لە کارنامەی حکومەتەکەمان کردەوە کە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکات، لەو رێگەیەوە هەمیشە بەدوای ئەوەوە دەبین کە گەلی فەڵەستین بە مافە رەواکانی خۆی بگات و بە ئاشتی لەنێو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیدا بژی و خاوەنی ئاسایش و سەروەریی بێت.
ئەمڕۆش جەخت لەسەر هەمان ئەو پرەنسیبە دەکەینەوە، بە تایبەتی پاش کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەی مەعمەدانی و بۆردومانی هەڕەمەکی بەردەوام بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی گەمارۆدراوی کەرتی غەزە کە بەهۆی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیلەوە هەزاران کەس شەهیدبوون.
لە سۆنگەی ئەوەی کە پێویستە عێراق رۆڵی مێژووی خۆی لە ناوچەکەدا ببینێت، هەر لە چرکەساتەکانی سەرەتای هەڵگیرسانی ململانێ لە خاکی فەڵەستینی داگیرکراو، بەغداد چووە نێو گفتوگۆیەکی جدییەوە و زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەب ئەنجامدا، جەحتمانکردەوە لەسەر گرنگی یەکگرتوویی هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی بەرامبەر ئەوەی کە فەڵەستینییەکان رووبەڕووی بوونەتەوە، هەروەها پێویستی راگرتنی بارگرژیی و رێزگرتنی مافی مرۆڤ و فشارخستنەسەر قەوارەی زایۆنیزم تاوەکو دەستدرێژییەکانی بۆسەر خاکی داگیرکراو رادەگرێت و دەستکردن بە دانووستان بۆ راگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی و دادپەروەر بەرامبەر گەلی فەڵەستین.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەمان لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا تیشکمان خستەسەر ئەو هەوڵانەی کە بۆ رێگریی لە فراوانبوونی ململانێکانی غەزە دەدرێن، جەختمانکردەوە لە راگرتنی هێرشەکان بۆسەر غەزە، چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی و کردنەوەی رێڕەوی گەیاندنی هاوکاری بۆ دانیشتووانی کەرتی غەزە کە رووبەڕووی جەنگ و گەمارۆیەکی ستەمکارانە بوونەتەوە.
هەروەها لە سەردانەکەماندا بۆ مۆسکۆ و دیدارمان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، داوامانکرد کە لە ئەنجومەنی ئاسایش جوڵەی خێرا بکرێت بۆ راگرتن دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆسەر خاکی فەڵەستین.
درێژەمان دا بە جوڵە دیبلۆماسییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هاوڕێ و برا، هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی عێراقمان دووپاتکردەوە بەرامبەر مافی گەلی فەڵەستین بۆ دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان، هەروەها پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان لە هەر هەوڵێک بۆ شێواندنی ناسنامەی مێژووییان و راگرتنی پرۆسەی نیشتەجێکردن، هەروەها جەختمان لە پشتیوانی عێراق بۆ خۆڕاگریی هاوڵاتیانی مەدەنی گەمارۆدراوی کەرتی غەزە و ئەو هەنگاوانە کردەوە کە لەلایەن هاوڕێ و براکانمانەوە دەدرێن بۆ گەیاندنی هاوکاری، جەختیشمانکردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی جدی و بەرپرسانە بگرێتەبەر بۆ رێگری لە روودانی کارەساتێکی مرۆڤایەتی کە کاریگەریی هەبێت لەسەر بوونی فەڵەستینییەکان لە نیشتمانە داگیرکراوەکەیان، هەروەک لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە داوای کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبییمان کردووە بۆ بەهاناوە چوونی فەڵەستین.
هەر لە سۆنگەی هەڵوێستی جێگیر و مەبدەئی عێراقەوە بەرامبەر دۆزی فەڵەستین، بەخێرایی بڕیارماندا بە ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەزەی گەمارۆدراو لەلایەن هێزەکانی زایۆنیزمی داگیرکەرەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی میسر، کە هاوکارییەکان پێداویستی پزیشکی و مرۆیی خێرا لەخۆدەگرن بۆ گەلی فەڵەستینی برامان.
هەروەها وەڵامی بانگێشتەکەی میسر دەدەینەوە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە مەیدانییەکانی غەزە و چۆنیەتی سەرخستنی گەلەکەمان لەوێ، بەبێ سازشکردن لەسەر مافی مانەوەیان لەسەر خاکەکەیان بە ئاشتی و ئارامی.
لەم لوتکەیەدا چاومان لە هەڵوێستی یەکگرتووی وڵاتانی زلهێزە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ فەڵەستینییەکان، ئێمە دڵنیاین کە میسر و عێراق و برا و هاوڕێکانمان دەتوانن رۆڵێکی بنەڕەتی ببینن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی و وەستاندنی جەنگ و رێگری لە دەرکردنی فەڵەستینییەکان ئەگەر لەناوخۆ بێت یاخود بۆ دەرەوە سنوور، پاشان کۆنتڕۆکردنی ئەو قەیرانەی کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت ناوچەکە لە جەنگێکی فراوان تێوەبگلێنێت ئەگەر دەستبەجێ گوێ لە بانگەوازە عەقڵانییەکان نەگیرێت.
هەروەها پشتیوانی لە میکانیزمی یەکگرتووی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکەینەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکی و داراییەکان بۆ گەلەکەمان لە غەزە، ئەمە وێڕای ئەوەی داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە جدییەوە لە داواکاری رەوای گەلی فەڵەستین بڕوانن.
لەلایەکی دیکەوە عێراق لە رێگەی پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی فشاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین لە غەزە و تەواوی خاکی فەڵەستین، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کە ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و قودس پایتەختی بێت.
عێراق بە تەواوی ئەوە رەتدەکاتەوە کە دۆزی فەڵەستین لە بابەتی خاک و خەڵکەوە بگۆڕێت بۆ بابەتی ئاوارەیی و هاوکاریی مرۆیی، بەغداد پێیوایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هەڵوێستی یەکگرتوویان بەرامبەر فەڵەستینییەکان هەبێت و کۆتایی ئەو ئازارە بهێنن کە چەندین دەیە بەردەوامە، چارەسەرێکی راستەقینە و دادپەروەر بدۆزرێتەوە و ئەم گەلە بە هەموو مافە رەواکانی بگات و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت و قودس پایتەختی بێت.