زووم:
چاودێران پێشبینی دەكەن ڕووداوی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی، لە گەڕەکی ئەلزەیتون لە شاری غەزە، ڕۆژی وەرچەرخانێک لە رەوتی ململانێی ئێستای نێوان ئیسرائیل و چەكدارانی فەڵەستینی دروست دەكات، کە ماوەی ١١ ڕۆژە بەردەوامە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەزە ئەمشەو ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات لەو وێنەو ڤیدیۆیانەی بڵاوكراوەتەوە، دەرکەوتووە بڵێسەی ئاگر هەموو لایەكی نەخۆشانەكەی گرتووەتەوە.
چی روویدا؟
سەرچاوەکان لە کەرتی غەزە بۆ سکای نیوز قسەیان کردووە، باسیان لەوە كردووە لە رێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە حەوشەی نەخۆشخانەکە لە کاتێکدا سەدان فەلەستینی تێدا بووە بۆردومانكراوە.
لە چەند ڤیدیۆیەكیش، كە لە بلاتفڕۆمە جیاوازەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكراوەتەوە، دەردەكەوێت ئامبولانسەکان قوربانییەکان و بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا، ئەمە جگە لەوەی ئاگر لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا کەوتووەتەوە.
نەخۆشخانەی نیشتمانی عەرەبی (ئەلئەهلی) سەر بە کەنیسەی ئەسقەفەکانە لە قودس و بە یەکێک لە نەخۆشخانە کۆنەکانی غەزە دادەنرێت.
دوای رووداوەكە مەحمود عەباس، سەرۆک کۆماری فەلەستین سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و بڕیارە ئاڵا لە وڵات بۆ نیوە راگیرێت و دیدارەكەشی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هەڵوەشاندەوە، كە رۆژی چوار شەممە سەردانی ئیسرائیل دەكات.
نەبیل ئەبو ڕودەینە، وتەبێژی سەرۆکایەتی فەلەستین ڕایگەیاند، بۆردومانی سەر نەخۆشخانەیەك، كە پارێزبەندی هەیە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، “حکومەتی ئیسرائیل ڕێز لە هیچ ستانداردێکی نێودەوڵەتی یان یاسایەکی دانپێدانراو ناگرێت”.
میسر ئەم بۆردومانکردنی بە ئەنقەست بۆ سەر دامەزراوە و ئامانجە مەدەنییەکان بە پێشێلکارییەکی جددی لە بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی و سەرەتاییترین بەهاکانی مرۆڤایەتی زانی و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە دژی خەڵکی غەزە ڕابگرێت.
هاوكات جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەبارەی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەكەی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، وتی: ئەو هەواڵەی بەدەست هاتووە کارەساتبارە، ئەوە ترسناکە و قبوڵ ناکرێت.
هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، “بۆردومانکردنی نەخۆشخانەیەک کە منداڵ و ژن و خەڵکی بێتاوانی مەدەنی تێدایە، دوایین نموونەی هێرشەکانی ئیسرائیلە، کە بەها سەرەتاییە مرۆییەکانی تێدا نییە.
ئەگەر ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە دەبێتە کوشندەترین هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لە پێنج جەنگدا لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەریاوان دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی گیانلەدەستدان لە نەخۆشخانەکەدا نییە.
هەروەها رایگەیاند، كە هێرشەكە بەهۆی شكستی موشەكێكی گروپە چەكدارییەكان بووە، نەك بۆردومانی سوپای ئیسرائیل.
ئێستا كاردانەوەكان زیاتربوون لەسەر رووداوەكەو زۆرینەی ئەوانەی لەبارەی رووداوەكەش قسەیان كردووە، بە پێویستی دەزانن دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ هێنانەدی ئاگربەست و سنووردارکردنی بۆردومانەكان بكرێت.