زووم:
بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بۆ دانانی نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی “لە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزدا” و ئەگەری جێگیرکردنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیار لەبارەی ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دروست كردووە، بەوەی بۆچی ئەمریكا ئەو بڕیارەیداوە؟
بڕیارەكە دوای چەند کاتژمێرێک لە ناردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری “جیراڵد ئاڕ فۆرد” بەرەو ئیسرائیل هات، لەگەڵ تیمێكی نزیکەی 5 هەزار کەسی، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە ئیسرائیل لە شەڕەکەی دژی گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین.
شرۆڤەکاران و کارمەندانی سەربازی پێیانوایە دانانی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە “ئامادەباشی”دا وەک پەیامێکی خۆپارێزی دێت بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێكانی ئێستا لە بەرەکانی دیکەی شەڕ.
بە گوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی، ئەم هەنگاوە بۆ زیادکردنی توانای وەڵامدانەوەی بەپەلەیە بۆ هەر پێشهاتێک، کە لەوانەیە لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا بڕیاریدا دوو هەزار سەربازی ئەمریکی بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزەوە، هەروەها ئەگەری جێگیرکردنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە جێگیرکردنیان نەدراوە.
سینگ ڕوونیکردەوە، بڕیارەکە “توانای وەزارەتی بەرگری زیاد دەکات بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بۆ پێشهاتە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ بڵاوەپێکردنی هیچ هێزێکی شەڕكەر لەم کاتەدا.
پێشتریش كەناڵی فۆکس نیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری فەرمانی بە هێزەکانی ئەمریکا کردووە ، ئامادە بن بۆ بڵاوەپێکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل.
كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکاندا جێگیر ناکرێن، بەڵكو ئەركی هاوكاری و راوێژكاری دەبینن.
هاوکات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، پنتاگۆن دوو هەزار سەربازی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئامادەیان بکات بۆ ئەگەری جێگیرکردنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا ئەو هێزانە لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا جێگیرکراون.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، بڕیارەکەی پنتاگۆن ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن خۆی ئامادە دەکات بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئیسرائیل ئەگەر بڕیاربدەن ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە کەرتی غەززە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو سەربازانە ئەرکی ڕاوێژکاری و چاودێری پزیشکییان پێدەسپێردرێت و بەشداری شەڕ ناكەن.
لەو بارەوە بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەمریکا داوای کردووە، کە ئەم هێزانە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوە ئامادەبن بۆ جێگیرکردن، لەكاتێكدا ماوەی ئاسایی ٩٦ کاتژمێرە.
بەرپرسەكە راشیگەیاندووە، ئەو هێزە بەزوویی ئەركدار دەكرێن و رەوانەی چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵات دەكرێن.