زووم:
توژینەوەیەکی تازە لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە دەریدەخات زۆرینەی ژنان لە جیهاندا، ئاگاداری نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک نین، تاوەکو دەگات بەوەی ببێت بە گرێ.
توێژینەوەکە لەسەر 1000 ژنی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ژنان بۆشاییەکی زۆریان هەیە لەو زانیارییانەی کە دەبێت لەبارەی نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمکەوە بیزانن.
توێژینەوەکە دەریخستووە نیوەی کەمتری بەشداربووان ئاگادارن کە نەمانی هەست لە مەمک، بۆشبوونی مەمک، تەنکبوونی پێستی مەمک یان هەبوونی دەردراو لە گۆی مەمکدا، دەکرێت نیشانەی شێرپەنجەبن لە کەسی توشبوودا و پێویستی بەسەردانی بەپەلەی پزیشک هەیە.
ئاشڵی پاریسەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆهایۆ ستەیتی ئەمریکا رایگەیاند، “پشکنینی مامۆگرافی هێڵی بەرگریی ژمارە یەکی ئێمەیە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناغەکانی سەرەتای دروستبوونیدا، بەشێوەیەک کە توانای چارەسەرکردنی هەبێت.”
ئەو دەڵێت، “گرنگە ژنان بزانن رووکاری دەرەوە و هەستی مەمکیان چۆنە بۆئەوەی هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاو ببینن پشکنینی بۆ بکەن و چانسی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی خێرای هەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتادا.”
توێژینەوەکە رونیکردووەتەوە، زۆربەی کەیسەکانی شێرپەنجە لە گرێدا دەرناکەون کە بتوانرێت بە دەست هەستی پێبکرێت. هەربۆیە زانینی نیشانەکانی دیکەی شێرپەنجەی مەمک کلیلی دەستنیشانکردنییەتی لە قۆناغەکانی سەرەتایدا.
پرۆفیسۆر ئاشڵی دەڵێت، “دەمانەوێت خەڵکی شارەزای جەستەی خۆیان بن و بزانن کە چ شتێک ئاساییە بۆیان.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەشێکی زۆر لە گۆڕانکارییەکانی مەمک بەهۆی بەتەمەنداچوون و منداڵبوونەوە روودەدەن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەنێوان 30 بۆ 50%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە دەکرێت رێگری لێبکرێت، خۆپاراستنیش کاریگەرترین رێگەیە بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشیە.
پرۆفیسۆر ئاشڵی دەڵێت، شێرپەنجەی مەمک مەترسییەکی جدییە بۆسەر ژیانی ژنان و پێوستە هەر کە هەستیان بە گۆڕانکارییەکی بچوکیش کرد، پشکنینی مامۆگرافی ئەنجامبدەن، بەتایبەت ئەوانەی کە لە خێزانەکانیاندا پێشینەی شێرپەنجە هەیە.”