زووم:
شەش ساڵ لەمەوبەر یەکەم هەنگاوی بێ دەسەڵاتکردنی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپێکرد، پرۆسەکە بەخێرای و لە رێگەی هێزەوە جێبەجێکرا..
ساڵی 2014 لەسەروبەندی هێرشەکانی داعش، مەترسی لەسەر زۆربەی ناوچەکانی عێراق دروستبوو، دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ و شکانی سوپای عێراق، بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان سەریهەڵدا، بەڵام پێشمەرگە بەخێرایی کەوتە جوڵە و بۆشاییە ئەمنییەکەی پڕکردەوە، دواتر پێشمەرگە مایەوە و دەسەڵاتی ناوچەکانی کەوتە دەست.
دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 2017 روویاندا..
16ی ئۆکتۆبەر لە دیدی پارتی و یەكێتییەوە گێرانەوەی جیاوازی هەیە، پارتی یەکێتی تۆمەتباردەکات و بە خیانەتکار ناوی دەهێنێت، یەکێتیش پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی رادەکێشێ و 16ی ئۆکتۆبەر بە دەرئەنجامی ریفراندۆم دەزانێت.
پارتی و یەكێتی هەرچۆنێک لەسەر رووداوەکە قسە بکەن و یەکدی تۆمەتبار بکەن، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە کورد زەرەرمەندی سەرەکی بوو.
لە یەکەم رۆژی رووداوەکەوە هەزاران هاوڵاتی کورد بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەوە ناوچە کێشەلەسەرەکانیان جێهێشت و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
دوای رووداوەکەش لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا دەیان جوتیاری کورد خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردووە و دەڵێن، زەوییەکانیان لە لایەنە جوتیارانی عەرەبەوە لێوەرگیراوەتەوەو دەسەڵاتی ناوچەکەش ریگەیان نادەن زەوییەکانیان بکێڵن.
16ی ئۆکتۆبەر وایکرد دەسەڵاتی کورد وەکو نەتەوە لە کەرکوک و دووزخورماتوو و خانەقین و مەخمور و شنگال و چەندین ناوچەی دیکە بە تەواوەتی لاواز ببێت، چونکە لە پۆستی پارێزگارەوە تاوەکو بەرێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی دیکەش لە کورد وەرگیرانەوە.
لە 2014دا هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە دوو لاوە کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکانیان کۆنترۆڵکردبوو، بەڵام لە 16ی ئۆکتۆبەردا یەکێتی کشانەوەی هێزەکانی لە کەرکوک و خانەقین و و دوزخورماتوو و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی رایگەیاند و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕانەوە کە نایانەوێت شەڕەکە فراوان ببێت و ناوچەکە وێرانبکرێت لەمبارەیەوە نموونەی رەققە و موسڵیان دەهێنایەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە سنورەکانی ژێردەسەڵاتی پارتیەوە هەبوو، ئەویش تاوەکو پردێ پاشەکشەی کرد، بەڵام فشاری هێزەکانی عێراق بۆسەر هێزەکانی پارتی بەردەوامبوو تاوەکو پردێ بوو بە خاڵی بەرکەوتنی هەردوولا و چەند رۆژێک شەڕ و پێکدانی توند لە ناوچەکە بەردەوامبوو.
ساڵانە لەم رۆژەدا پارتی و یەکێتی تۆمەت ئاراستەی یەکدی دەکەن و هێرشی میدیایی دەکەنەسەر یەکتر، بەڵام کەسانێکیش هەن کە چاودێر و شیکەرەوانی سیاسین و ئەوان رەخنە لە هەردوولایان دەگرن، دەڵێن، هەردوو حیزب مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ هەلێکی مێژوویدا کرد.
ئەوەی لە 2014 دەست کورد کەوت، ئەو ناوچانەبوون بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ خاڵی ناکۆکی نێوان کورد و رژێمە یەکلەدوای یەکەکانی عێراقبوون، هەزاران رۆڵەی کورد لەپێناوی ئەو خاکەدا گیانی خۆیان بەختکرد، لە پاش روخانی سەدامیش دەستوری عێراق وەکو ناوچەی کێشە لەسەر ناوی هێناون و دەبێت دەسەڵاتی هەرێم و بەغداد پێکەوە بەڕێوەی ببەن، بەڵام کورد ئەو هەلەی دەستکەوت و خۆی دەسەڵاتی رەهای ئەو ناوچانەی لە ئەستۆبوو.
شیکەرەوانی سیاسی دەلێن، پارتی و یەکێتی، ناوچە گرنگ و ستراتیژەکانی وەکو، کەرکوک، خانەقین، دووزخورماتوو، شەنگال و مەخەمور و دەیان ناحیە و سنوری دیکەی بەدەستەوەبوو، بەڵام لەبری مامەڵەیەکی دروستی حکومڕانی ئەم دوو لایەنە زیاتر سەرقاڵی کاری حزبی و ململانێ و شکاندنی یەکتری بوون و سودیان لەو هەلە مێژوییە وەرنەگرت و سەرئەنجام لە 16ی ئۆکتۆبەردا ناوچەکانیان لەدەستدا.
رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و دواتر وایکرد، کورد نیوە زیاتری ئەو خاکە لەدەستبدات کە بۆ ماوەی سێ ساڵ حوکمی دەکرد، ئەوەی ئێستا لای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و بەڕێوەی دەبات، تەنها نیوەی ئەو خاکەیە کە بە باشووری کوردستان ناودەبرێت.