زووم
سنووری وشکانی نێوان كەرتی غەزە و میسر بە درێژایی 14 کیلۆمەتر پڕە لەتونێل، كە ژمارەیان بە هەزاران مەزەندە دەكرێت و چەكدارانی فەڵەستینی بۆ جموجوڵ و هەڵگرتنی چەک و کەلوپەل و پێداویستییە سەربازییەكان بەکاریدەهێنن.
قووڵایی بەشێک لەو تونێلانە ڕەنگە بگاتە ٣٠ یان ٤٠ مەتر لە ژێر زەویدا، ئەمەش ڕێگە بە چەکدارەکان دەدات پێگەی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزن و بەكاریشی بهێنن بۆ بەرگیركردن لەخۆیان.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی “زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر”ی ئەو تونێلە ژێرزەمینیانەی “بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە” ڕاگەیاند، بەڵام گومان لەو ئامارە كرا، بەهۆی ئەوەی ئەو تونێلانە زۆر لەژێر زەویدان و موشەك بە ئاسانی ناگات بە قووڵاییان.
گومانی تێدا نییە، کە دەزگای هەواڵگری لە ئیسرائیل ڕێگای لانیکەم بەشێک لە تۆڕی تونێلی فەلەستین دەزانن، بەڵام بەشەکانی تر بە نهێنی ماونەتەوە، ئەمەش هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە قورستر دەکات.
کۆڵین کلارک، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنتەری سۆفان بۆ لێکۆڵینەوە لە نیویۆرک دەڵێت: تونێلەکان وەك “دڵی جەستە” وایە بۆ چەكدارە فەڵەستینییەكان ، چونكە هەندێکیان وەك “تەڵە”ن، بۆیە كێشەی گەورەن بۆ سوپای ئیسرائیل بەتایبەتی ئەگەر بیەوێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجامبدات.
ئەو دەشڵێت: ئامادەکاری بۆ شەڕکردن لەم جۆرە شوێنانە پێویستی بە زانیاری هەواڵگری بەرفراوان دەبێت، کە ڕەنگە ئێستا ئیسرائیلییەکان خاوەنی نەبن، روونیشیدەكاتەوە، شەڕکردن لە ژێر زەمینیدا، سوودێکی تاکتیکی بەرچاو بە سەرکردەکان و چەكدارانی فەڵەستینی دەگەیەنێت.
لە بەرامبەردا ئەلێکساندەر گرینبێرگ توێژەر لە پەیمانگای قودس بۆ ستراتیژ و ئاسایش پێشبینی ئەوەی کرد، بەهۆی تونێلەكانەوە ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل درێژخایەن بێت.
ئەو روونیكردووەتەوە، سەختە بەبێ زیانێكی زۆر شەڕی زەمینی بكرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ڕۆبۆت و ئامرازی تایبەتی دیکە بەكاربهێنرێت بۆ چوونە ژوورەوە بۆ ناو تونێلەکان، تا زیانە گیانییەكان كەمبكەنەوە.
سەرەتا ئەو تونێلانە بۆ کەمکردنەوەی زیانی ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل بەسەر غەززەدا سەپاندبوو بەكارهێنرا، كە بە نهێنی کەلوپەل و خۆراک لە میسرەوە بۆ دانیشتووان دابین دەکرا، بەڵام ئێستا بەكاردەهێنرێت بۆ ئەركی سەربازی.
محەمەد زەیف ، فەرماندەی لیواکانی عیزالدین ئەلقەسام، باڵی چەکداری بزووتنەوەی حەماس و داڕێژەری ئۆپەراسیۆنی “گەردەلولی ئەقسا”، لە پشت ستراتیژی بەكارهێنانی تونێلەكانە بۆ جموجوڵی سەربازی، كە بۆ ئۆپەراسیۆنی هەفتەی رابردووش بۆ سەر ئیسرائیل بەشێكیان بەكارهێنراون.