زووم:
ئیسرائیل داوای موشەکی زیاتری “Hellfire”ی کردووە، کە سوپای ئەمریکا بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی قاعیدە لە مانگی ئابی 2022 بەکاریهێناوە.
بەگوێرەی تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی، ڕۆژی شەممە، داواکارییەکەی ئیسرائیل لەلایەن بەرپرسانی پنتاگۆنی ئەمریکاوە تاوتوێدەکرێت و ئاماژە بەوەش دەکەن، واشنتۆن پێشتر یارمەتی ئەمنی بەپەلەی ناردووە لەوانە مووشەک و بۆمب و چەک و تەقەمەنی زیاتریش لە ڕێگادان بۆ تەلئەبیب و بەم نزیكانە دەگات.
ئەو تەقەمەنیانەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن واشنتۆنەوە نێردراوە، لەوەتەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی “شمشێری ئاسن”ی دەستپێکردووە بۆ سەر غەزە، بریتین لە موشەکی ڕێگریکەر بۆ سیستەمی “قبە ئاسن” و بۆمبی کۆکراوە، کە بە “DPICMS” ناسراوە، هەروەها بۆمبی “جادەم”.
ئەمەریکا پێشتر مووشەکی هێڵفایەری بە ئیسرائیل فرۆشتبوو، کە مووشەکی “ئاسمان بۆ سەرزەوی”ن بە ڕێنمایی لەیزەرەوە ئاراستەدەكرێت، کە زۆرجار بە مووشەکی “چەقۆی فڕیو”یش ناودەبرێن، چونکە ئۆپەراتۆرەکە ئامانجەکە دەناسێتەوە و لەكاتی پێكانی پارچە پارچەی دەكات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، مووشەکی Hellfire R9X سەرەتا نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر پەرەی پێدراوە بۆ کەمکردنەوەی قوربانیی مەدەنی و زیانەکانی بیناکان لە کاتی شەڕەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پاکستان، عێراق، سوریا، سۆماڵ و یەمەن.
ئەم مووشەکە ئەمریکییە چەکێکی كاریگەرە، کە مرۆڤ دەکوژێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە، ئامانجەکەش پارچە پارچە دەكات، وەک ئەوەی سەربازێک بە چەقۆ دوژمن بکوژێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، تواناکانی ئەم مووشەکە بێ هااوتایە لە دۆزینەوەی ئامانجەكەی، ناوی “جینسو فڕیو”یشی بۆ بەكاردەهێنرێت، بە ئاماژەدان بە مارکەی “جینسو” بەناوبانگ لە جیهانی چەقۆدا.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک چەکێکی دژە تانک ناسێندرا و لە دوای ١١ی سێپتەمبەرەوە دەستی بە بەکارهێنانی کرد لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بە ئامانجگرتنی کارمەندان.
موچەكەكە بە لەیزەر ڕێنمایی دەکرێت و ٦ چەقۆ، یان تیغی تێدایە، کە دەچنە ناو ئامانجەکە و پارچە پارچەی دەكەن، دەتوانێت زیاتر لە ١٠٠ پاوند کانزا و ئۆتۆمبێل و بیناکان بڕێت بەبێ ئەوەی بە زیان شوێنە نزیكەكانی ئامانجەكە بگەیەنێت.
ئامانجی ئیسرائیل لە داواكردنی ئەم موشەكە بۆ ئەوەیە زیانی كەسانی مەدەنی لە غەزە كەمبكاتەوەو بە وردی ئەو ئامانجانەی پێبپێكێت، كە دەستنیشانیان دەكات.