زووم:
بە تەواوی ناتوانرێت مەزەندەی ئەوە بكرێت، شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ چەكدارانی فەڵەستین لەڕووی داراییەوە زیانەكەی تائێستا چەندە، كە هەشت رۆژە بەردەوامە، بەڵام خەمڵاندنە سەرەتاییەكان باس لە زیانی ملیاران دۆلار بۆ بودجەی گشتی ئەو وڵاتە دەكەن.
بە گوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەكانی بانکی “هپۆعلیم”، كە گەورەترین بانکی ئیسرائیلە، بەلانیکەمەوە زیانی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گروپە چەكدارییەكان، 27 ملیار شیکڵی دراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، كە ئەویش دەكاتە شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
هەر بە گوێرەی خەمڵاندنەکە، ئەو زیانە كورتهێنان لە بودجەی گشتی ئیسرائیل دروستدەكات، بەشێوەیەك رێژەی كورتهێنانەكە لەمساڵدا كەمتر نابێت لە 1.5%ی كۆی داهاتی گشتی.
بانكە ئیسرائیلییەكە، ئەم زیانە بە بەرزترین زیان دەزانێت لە دوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ەوە، هەروەها رایگەیاندووە، زیانەكانی زیاترە لەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای وڵاتەكە لەتەمموزی ٢٠١٤دا لە ناوچە جیاوازەكانی فەڵەستین ئەنجامیدا.
شەممەی رابردوو گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین لە كەرتی غەزەوە هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە هەزاران كەس بووە قوربانی، شەڕەكە تائێستاش بەردەوامی هەیە.