ریکاردا لوک، دایکی ئەو کچە گەشتیارە ئەڵمانیەی لە ئیسرائیل فرێندرا بە میدیا ئەڵمانیەکانی راگەیاندووە کچەکەی هێشتا لە ژیاندا ماوە.
شانی لوک کچێکی تەمەن 22 ساڵ بوو کە هەڵگری هەردوو رەگەزنامەی ئەڵمانی و ئیسرائیلی بوو، رۆژی 5ی ئەم مانگە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی میوزیکیدا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، دوای دوو رۆژ و لەگەرمەی فێستیڤاڵەکەدا هێزەکانی حەماس هێرشیانکردە سەریان.
شانی یەکێک بوو لەو کەسانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکان فرێندراو و ڤیدیۆیەکی بە نیمچەرووتی بڵاوکرایەوە کە لە پشتی ئوتومبێلێکدا بوو لەبەردەم چەکدارەکان و بێ هۆش بوو.
ڤیدیۆکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دایکی هاتە دەنگ و داوای ئازادکردنی کچەکەی کرد.
ریکاردا لوکی دایکی شانی، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی ئەڵمانی رایگەیاند، کچەکەی لە ژیاندایە بەڵام لەسەریدا پێکراوە و لە نەخۆشخانەیەکی غەزە لە دۆخێکی سەختدایە.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش لە زاری دایکی شانیەوە دەڵێت، هەموو چرکەیەک بۆ ژیانی کچە گەشتیارەکە چارەنوسسازە.
ریکاردا هانا بۆ دەسەڵات و حکومەتی ئەڵمانیا دەبات کە بکەونە جوڵە بۆ رزگارکردن و دەربازکردنی کچەکەی لە غەزە.
لەلایەکی دیکەشەوە، گوتەبێژی نوسیگەی داواکاری گشتی ئەڵمانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەمان دژی حەماس دەستپێکردووە بە تۆمەتی رفاندنی چەند هاوڵاتییەکی ئەڵمانی لە هێرشەکەی شەممەی رابردوو.
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانی، ئۆلاف شۆڵتس هۆشداریدا لەوەی حەماس دیلەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنێت و گوتی وڵاتەکەمان بەهەموو شێوەیەکی چالاکیەکانی حەماسی قەدەغەکردووە.
شانی لوکی 22 ساڵ، هونەرمەندێکی وێنەکێشی “تاتۆ”بووە و بەردەوام وێنەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئینستاگرام” بڵاودەکردەوە، بەمەبەستی ئامادەبوون لە ئاهەنگێکی مۆسیقی، روویکردبووە بیابانی نەقەب لە باشووری ئیسرائیل.