لەگەڵ پەرەسەندنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر هاوڵاتیانی غەزە، سوپای ئیسرائیل سەرباز و چەک و تفاقێکی زۆری لەسەر سنوری کەرتەکە کۆکردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆش هەزاران پارتە نوسراو بەسەر غەزەدا باراند و داوای لە دانیشتوانەکەی کردووە بەرەو باشوری کەرتەکە بچن و نەگەڕێنەوە.
لەو نوسراوانەدا کە سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکە بەسەر خەڵکی غەزەدا باراندنی نوسراوە، “بۆ دانیشتوانی غەزە، رێکخراوە تیرۆرستییەکان جەنگیان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵگیرساندووە، شاری غەزەش بووەتە گۆڕەپانی ئەو جەنگە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات ماڵەکانتان چۆڵ بکەن و بەرەو باشور، واتە دۆڵی غەزە، بڕۆن.”
دەشڵێت، “لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی خۆتان، پێویستە نەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان تاوەکو کاتێکی نادیار کە سوپای ئیسرائیل دیاری دەکات.”
شەوی رابردوو كەناڵ 13ی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هێرشی زەمینی و تەنها چاوەڕێی بڕیاری سیاسی دەكات.
هاوکات سوپای ئیسرائیش ئاشکراکرد، شەوی رابردوو 750 ئامانجیان لە کەرتی غەزە بۆردومان کردووە، بۆیە رێکخراوی یونسێف رایگەیاند، دیمەنەکانی غەزە تۆقێنەرن، ژمارەیەکی زۆر منداڵ لەناو قوربانیەکاندان، یەک ملیۆن کەس شوێنی ئارامیان نییە رووی تێبکەن.
دەشڵێت، ئەمە جێگەی قبوڵ نییە و دەبێت دەستبەجێ توندوتیژی رابگیرێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هەزار و 537 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل کوژراون و 500 کەسیان منداڵن.