محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی تورکی لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ئێران ئەنجامیاندا بۆ چەککردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان.
ئەمڕۆ سودانی بە سەردانێک گەیشتە روسیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، دوای نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڤنوکۆڤۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی سپوتینکی روسی رایگەیاند، عێراق و تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی، بەڵام هیچ جۆرە وردەکارییەکی نەداوە کە ئاخۆ تەنها دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـە یاخود لایەنی دیکەی دەبێت.
سودانی گوتیشی، “وەک دوو وڵاتی دراوسێ کە پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە، لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ تورکیا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی کۆنکرێتی بۆ روبەروبوونەوەی کێشە ئەمنییەکانمان.”
هاوکات هەر ئەمڕۆ، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری نیشتمانیی عێراق هەمان هەوڵی عێراقی بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنەکە درکاند.
لەتیف رەشید گوتی، “هیوادارین رێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش لەگەڵ تورکیا ئەنجامبدەین بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی کە کاریگەری نەرێنییان کردووەتەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
مانگی ئازاری رابردوو، عێراق رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئێران ئیمزاکرد بۆ چەککردن و دورخستنەوەی هێزەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 19ی مانگ کۆتا وادە بوو بۆ جێبەجێکردنی، هەرچەندە تەواوی بارەگاکانی ئەو حزبانە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران لابران و هێزەکانیان گواسترایەوە بۆ چەند ناوچەیەکی دوور لە سنور، بەڵام هێشتا ئەو حزبانە چەک نەکراون، هەربۆیە یەکشەممەی رابردوو محەمەد باقری، سەرۆکئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ناڕازیبوونی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و گوتی، رێککەوتنەکە بۆ چەککردنی تەواوی هێزەکان بووە نەک دورخستنەوە و جێگۆڕکێکردنیان.
بەرپرسانی تورکیاش لە ماوەی رابردوودا چەندینجار داوایان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە پەکەکە بە گروپێکی تیرۆرستی بناسێنن و دەڵێن، پەکەکە شنگار و قەندیل و سلێمانی داگیرکردووە.
هاوکات لە سەردانەکەی مانگی ئابیدا بۆ عێراق، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیکردەوە کە “ناتوانین ئاڵنگارییەکانی پەکەکە لە عێراق قبوڵ بکەین.”
گوتیشی، “نابێت رێگە بە پەکەکە بدرێت کە دوژمنی هاوبەشی تورکیا و عێراقە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان تێکبدات.”