زووم:
ماددە هۆشبەرەکان لە دیارترین تەحەددیاتەكانی بەردەم کۆمەڵگەی عێراقە، بەتایبەتی کە ئێستا بازرگانیكردن بە جۆرەكانی ئەو مادانە بەشێوەیەكی مەترسیدار فراوانتر بووە، ئەوەش بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمنی تایبەتمەند.
هەر بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمنی عێراقی، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق دوای ئەوە فراوان بووە، كە ئێرانەوە رێژەیەكی زۆر ماددەی هۆشبەر دەهێنرێتە عێراق و دواتر دەبرێتە چەند وڵاتێکی دیكەی عەرەبی، كە ئێستا ناوچەكانی عێراق وەك ناوچەی ترانزێتیان لێهاتووە بۆ قاچاغچێتركردن بەماددەی هۆشبەرەوە.
مانگی رابردوو محەمەد سەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلانێکی بۆ “عێراقێکی بێ مادەی هۆشبەر” ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەو، ئەو پرسە وەك هەڕەشەیەکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، دوای ئەوەی بازرگانی بەمادەی هۆشبەر و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان فراوانتر بووە، “ئەركمانە بە توندترین شێوە رووبەڕووی ببینەوە”.
بەپێی ئامارێك، كە دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بڵاویانكردووەتەوە، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا ١٢ هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی هەزاران كیلۆ لەماددەی هۆشبەر.
ڕائید بیلال سوبحی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، وەزارەت هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەکان.
رائید بیلال راشیگەیاند، بە دەستگیركردنی بازرگانانی گەورە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە گەورەکان بۆ بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر، کە کۆمەڵگا وێران دەکەن دەستیان بە هەوڵ كردووەو لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 12 هەزار بازرگان لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا دەستگیركراون.
ئەو باسی لەوەش كردووە، لەو ماوەیەدا توانیویانە دەست بەسەر سێ هەزار و 500 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا بگرن، جەختیشی لەوەش کردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتی بەمادەی هۆشبەر.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵێکی گەرم، كە بە درێژایی کاتژمێر رۆژ و شەو کاردەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری هەواڵگری، كە لەمەدا هاووڵاتیان رۆڵی سەرەكی دەبینن و زانیاری زۆر باش بە دەزگا ئەمنییەكان دەدەن.
لای خۆیشییەوە ئەفسەرێک لە فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان، کە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشکرابکات بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید پشتڕاستی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و سوریاوە چالاکن، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە گرنگ دادەنرێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەڵایە.
ئەو ئەفسەرە وتیشی: مەرجە وڵاتانی پەیوەندیدار جددیەتی خۆیان نیشان بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو باندانەی، کە کاریگەرییان هەیە و زۆرترین قاچاغچێتی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن.